گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

شەقامى سەد مەترى مەسرور بارزانى دەهێنێتە سلێمانى؟

سەرۆکى ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى ناوەڕۆکى کۆبوونەوەکەى لەگەڵ مەسرور بارزانى ئاشکرا کرد

2019.11.16 - 20:49
سەرۆکى ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى ناوەڕۆکى کۆبوونەوەکەى لەگەڵ مەسرور بارزانى ئاشکرا کرد
ناس کورد- شەهرام عەزیز جیاوازیکردن لە خەرجکردنی بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکانی هەرێمى کوردستان کاردانەوەی لێکەوتەوە و ئاماژە بەوە دەکرێت سەرلەنوێ سلێمانی وەک ڕابردوو پشتگوێخراوە، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیش ناوەڕۆکى کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ ناس کورد ئاشکرا دەکات و رایدەگەیەنێت "مەسرور بارزانى وتوویەتى: پشتگوێخستنی سلێمانی لە کابینەکانی ڕابردوودا بووە و لەم کابینەیەدا بەوشێوەیە نابێت". . غالب محەمەد، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى گۆڕان لەبارەى خەرجکردنى 15 ملیار دینار بۆ پەرەپێدانى پارێزگاکان ئاماژەى بەوە کرد شارى سلێمانى پشتگوێخراوە و بەراورد بە شارەکانى هەولێر و دهۆک کە سەدا 60ى بودجەکەیان بۆ تەرخان کراوە تەنها سەدا 40 بۆ سلێمانى دابین کراوە. . ئازاد حەمەئەمین، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە ناس کوردی وت "ئەو پارەیە بۆ ئەو پڕۆژانە تەرخانکراوە، کە 85٪یان تەواو بووە و پڕۆژەکان بەو شێوەیە دابەشبوون بەسەر پارێزگاکاندا، لە ئێستاشدا ئێمە بەردەوام لە هەوڵداین کە ئەو جیاوازیکردنەی لە ڕابردوودا هەبووە چارەسەربکەین و قۆناغ بە قۆناغ نەیهێڵین". . بە وتەی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی لە 12ی ئەم مانگەدا لە کۆبوونەوەیەکدا بەتایبەتی لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتى هەرێمى کوردستان قسەی کردووە و سەرۆکی حکومەت وتویەتی: "ئەو پشتگوێخستنەی هەبووە هی کابینەکانی ڕابردوو بووە و لەم کابینەیەدا بەوشێوەیە نابێت و سنوری سلێمانی حسابێکی تایبەتی بۆ دەکرێت". . سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، لە 15ی کانونی یەکەمی سەرەتای ساڵی داهاتوو، پارە بۆ ئەو پڕۆژانەش خەرج دەکرێت، کە 75٪یان تەواو بووە و لەو بارەیەوە مەسرور بارزانی وتویەتی "زۆرینەی ئەو پڕۆژانە دەکەونە سنوری پارێزگای سلێمانییەوە". . سەرۆکى ئەنجومەنى پارێزگاى سلێمانى جەختیشیکردەوە، مەسرور بارزانی بەڵێنیداوە کە لەم کابینەیەدا هیچ جیاوازییەک نەکرێت لەنێوان ناوچە و پارێزگاکاندا و سەرجەمیان وەک یەک خزمەت بکرێت. . تەنانەت روونیکردەوە خودى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان بەدواداچوون بۆ پڕۆژەى 100 مەترى سلێمانى دەکات و رەزامندى نیشانداوە لەنزیکەوە چاودێرى جێبەجێکردنى پڕۆژەکە بکات. .