گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وەڵامەکانى حکومەت و بەرپرسانى پارتى دژ بەیەک بوون

سەعدى پیرە: ئەگەر لەگەڵ پارتى ڕێکنەکەوین رێوشوێنى دیکە هەیە بیگرینەبەر

2019.11.16 - 12:27
سەعدى پیرە: ئەگەر لەگەڵ پارتى ڕێکنەکەوین رێوشوێنى دیکە هەیە بیگرینەبەر
ناس کورد- سەعدى ئەحمەد پیرە ڕایگەیاند، وەڵامى حکومەت و بەرپرسانى پارتى بۆ نیگەرانییەکانى یەکێتى دژ بەیەک بوون و ئەگەر هەردوولا گەیشتنە ئەو خاڵەى نەتوانن بەیەکەوە کاربکەن، رێوشوێنى دیکە هەیە بیگرنە بەر. . لەچەند هەفتەى ڕابردوودا و دواى ئەوەى یەکێتى بەفەرمى نیگەرانییەکانى لەبارەى جێبەجێنەکردنى ڕێککەوتنەکانى تایبەت بەپێکهێنانى حکومەت لەگەڵ پارتى ڕاگەیاند، حکومەت و پارتى بەجیا وەڵامیان دایەوە و کێشەکانیان خستە ئەستۆى یەکێتى. . سەعدى ئەحمەد پیرە ئەندامى مەکتەبى سیاسى یەکێتى ئەمڕۆ لە کۆنفرانسێکى ڕۆژنامەنوسیدا ڕایگەیاند "نێوان پارتى و یەکێتى پێویستى بەوە نییە لەڕاگەیاندن باسى کێشەکانمان بکەین، جارێ با بچین لە ژورێکى داخراو کێشەکان چارەسەربکەین، ئەگەر گەیشتینە ئەو خاڵەى نەتوانین پێکەوە ئیش بکەین ئیجرائاتى تر هەیە وەریبگرین". . وتیشى "قسە قسە ڕادەکێشێت، بەم شێوەیە بازاڕ دەشێوێت و ناکۆکییەکان زیاتر دەبن، تەنها دواى کۆنگرە ڕۆژنامەنوسییەکەى وتەبێژى یەکێتى، کاک مەسعود و مەحمود محەمەد و ئومێد سەباح و پێنج شەش کەس وەڵامیان دایەوە، وەڵامەکانیش دژبەیەک بوون، ئەوەش کێشەکە گەورەتر دەکات". . لەدواى سەرهەڵدانى ناکۆکییەکانى نێوانیانەوە، پارتى و یەکێتى هیچ کۆبوونەوەیەکیان نەکردووە، بەڵام سەعدى پیرە وتى هەموو کاتێک بڕیار هەیە بۆ کۆبوونەوە، بەبێ ئەوەى باسى هیچ وادەیەک بکات لەو بارەیەوە. . لەبارەى پەیوەندییەکانیان لەگەڵ گۆڕان، سەعدى پیرە باسى لەوەکرد، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ گۆڕان باشە و بەرەو باشتریش دەچێت، گۆڕان لەیەکێتى دوور نییە. . لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا، سەعدى پیرە باسى لە هەڵبژاردنى کۆنفرانسە ناوخۆییەکانى یەکێتى کرد، وەکو ئامادەکاریی بۆ کۆنگرە و ڕایگەیاند، کۆنفرانسەکان لەم دوو ڕۆژەدا تەواو دەبن. . جەختیشیکردەوە، کۆنگرەى یەکێتى کە دەبێتە یەکەم کۆنگرەى دواى کۆچى دوایی تاڵەبانى، بۆ نوێکردنەوەى یەکێتى یە. . بڕیارە یەکێتى لە حەوتى مانگى 12ى ئەمساڵدا کۆنگرە ببەستێت و لە ئێستاشدا ئەو حزبە سەرقاڵى ئامادەکارییەکانە بۆ بەستنى کۆنگرە.