گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ڕۆژێکى خوێناوى لە عێراق..چوار کەس بەهۆى تەقینەوەکەى بەغداوە کوژران و 20 ى دیکەش برینداربوون

2019.11.16 - 08:46
ڕۆژێکى خوێناوى لە عێراق..چوار کەس بەهۆى تەقینەوەکەى بەغداوە کوژران و 20 ى دیکەش برینداربوون
ناس کورد- ڕوانگەى عێراقى بۆ مافەکانى مرۆڤ ڕایگەیاند، بەهۆى تەقینەوەکەى شەوى ڕابردووى گۆڕەپانى تەحریرى بەغداوە، چوار کەس کوژراون. . ڕوانگەکە لەبەیاننامەیەکدا ئاماژەى بەوەکردووە، بەهۆى تەقینەوەکەوە چوار کەس کوژراون و 20 کەسى دیکەش برینداربوون. . بەپێی گرتە ڤیدیۆییەکان دەردەکەوێت،  تەقینەوەکە ئاگرێکى گەورەى لێکەوتووەتەوە و چەندین ئۆتۆمبیل سوتاون و ئاسەوارى خوێن دەبینرێت، پێش ئەوەى تیمەکانى فریاگوزارى بگەنە شوێنەکە و ئاگرەکە بکوژێننەوە. . خۆپیشاندەران لە نزیک شوێنەکە بەردەوامبوون لە وتنەوەى دروشمى نیشتیمانى، هێزە ئەمنییەکانیش هیچ ڕونکردنەوەیەکیان لەبارەى تەقینەوەکەوە بڵاونەکردووەتەوە. . ئەمە سێیەم تەقینەوە بوو کە دوێنێ ڕووبدات لە گۆڕەپانى تەحریر، بەپێی سەرچاوەیەکى ئەمنى دوو تەقینەوەکەى دیکە لەڕێگەى بۆمبى دەنگییەوە ئەنجامدران و هیچ زیانێکى گیانیان لێنەکەوتەوە. . سەرچاوەکە دوێنێ هەینى بە ناس کوردى ڕاگەیاندبوو، دوو بۆمبى دەنگى لە نزیک گۆڕەپانى تەحریر و خەلانى تەقیونەتەوە، بەبێ ئەوەى زیانیان لێبکەوێتەوە. . لاى خۆیەوە، یەکێک لە خۆپیشاندەران بە ناس کوردى ڕاگەیاند، دوو تەقینەوەکە گۆڕەپانى تەحریریان هەژاندووە، بەڵام خۆپیشاندەران بەردەوام بوون لە وتنەوەى دروشم و لێدانى سرودى نیشتیمانى. . باسى لەوەشکرد، دۆخى دوێنێی گۆڕەپانى خەلانى خراپ بوو، چەند کەسێک کوژران و برینداربوون، لەڕێگەى فیشەک و بۆمبى غازییەوە، دواى ئەوەى خۆپیشاندەران هەڵیانکوتایە سەر بەربەستە کۆنکرێتییەکان و جارێکى تر چوونەوە گۆڕەپانەکە و هێزە ئەمنیییەکان بە تەقەکردن وەڵامیان دانەوە. . دوێنێ هەینى بەغدا و چەندین شارى دیکەى عێراق، خۆپیشاندانى بەرفراوانیان بەخۆى بینى لەژێر ناوى "هەینى خۆڕاگرى" و هێزە ئەمنییەکانش بەردەوام بوون لە ڕوبەڕووبوونەوەیان.