گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وه‌زاره‌تى پلاندانان: قه‌رزه‌ ناوخۆیى و ده‌ره‌كییه‌كانى سه‌ر عێراق گه‌یشتووه‌ته‌ 115 ملیار دۆلار

2019.11.15 - 08:42
وه‌زاره‌تى پلاندانان: قه‌رزه‌ ناوخۆیى و ده‌ره‌كییه‌كانى سه‌ر عێراق گه‌یشتووه‌ته‌ 115 ملیار دۆلار
ناس کورد- وه‌زاره‌تى پلاندانانى عێراق ئاشكراى کرد، قه‌رزه‌ ناوخۆیى و ده‌ره‌كیه‌كانى سەر عێراق گه‌یشتووه‌ته‌ 115 ملیار دۆلار و ڕێژه‌ى بێكاریش بۆ زیاتر لە 13 % بەرزبووەتەوە. . عه‌بدولزه‌هره هه‌نداوى، وته‌بێژى وه‌زاره‌تى پلاندانان به‌میدیا عێراقیه‌كانى ڕاگه‌یاند ‌:"قه‌رزه‌كانى عێراق بۆ ساڵى 2019 گه‌یشتووه‌ته‌ 115 ملیار دۆلار، له‌و پاره‌یه‌ 43 ملیارى قه‌رزى ناوخۆیه‌ و 72 ملیار دۆلاریشى قه‌رزى ده‌رەكییه‌". . وته‌بێژه‌كه‌ى وه‌زاره‌تى پلاندانانى عێراق ئه‌وه‌شى ئاشكرا كرد‌، ڕ‌ژێمى به‌عس بۆ خه‌رجى شه‌ڕه‌كانى 41 ملیار دۆلارى له‌وڵاتانى كه‌نداو و چه‌ند وڵاتێكى تر قەرز كردووه‌ هه‌رچه‌نده‌ ئه‌و قه‌رزانه‌ ڕاگیراون و سوو ناچێته‌ سه‌ری به‌ڵام له‌كاتى وه‌رگرتنه‌وه‌یدا نزیكه‌ى 31 ملیار له‌و قه‌رزانه‌ سوو ده‌چێته‌ سه‌رى. . هه‌نداوى باسى له‌وه‌ش كرد‌، قه‌باره‌ى ئه‌و قه‌رزانه‌ هه‌رچۆنێك بێت ده‌بێته‌ ئه‌رك گرانى بۆ سه‌ر نه‌وه‌ى ئێستا و داهاتوو و ده‌بێت ده‌وڵه‌ت پابه‌ندى به‌ڵێنه‌كانى بێت و ئاگاى له‌ سووى ئه‌و قه‌رزانه‌شى بێت چونكه‌ زۆربه‌ى ئه‌و قه‌رزانه‌ى كه‌ له‌ماوه‌كانى ڕابردودا كردوونى بۆ خه‌رجیه‌كانى شه‌ڕى داعش بووه‌ و ئه‌وه‌ش لێكه‌وته‌ى ئه‌رێنى له‌سه‌ر ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و وه‌به‌رهێنان هه‌بووه‌. . له‌باره‌ى مه‌ترسیه‌كانى قه‌یرانى بێكاریشه‌وه‌ هه‌نداوى روونیکردەوە، ڕێژه‌ى بێكارى گه‌یشتووه‌ته‌ زیاتر لە 13% و ده‌بێت چاره‌سه‌رى خێرا و دوور مه‌ودا بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى بێكارى دابنرێت. . به‌گوێره‌ى زانیارییه‌كانى  ئه‌و وته‌بێژه‌ى وه‌زاره‌تى پلاندانان، ژماره‌ى ئه‌وانه‌ى به‌مدواییانه‌ حكومه‌ت بڕیارى دامه‌زراندنى بۆ ده‌ركردن 57 هه‌زار فه‌رمانبه‌ر ده‌گرێته‌وه‌ ئه‌وه‌ش پێویستى بە ته‌رخانكردنى بودجه‌یه‌كى تایبەتە‌ و ژماره‌ى ئه‌وانه‌شى كه‌ بڕیارى دامه‌زراندنیان بۆ ده‌ركرا له‌ كه‌رتى سه‌ربازى و ئه‌منى ده‌گاته‌ نزیكه‌ى 200 هه‌زار كه‌س و به‌وه‌ش ساڵانه‌ نزیكه‌ى 3 تریلیۆن دینارى پێویسته‌ جگه‌ له‌پاره‌ى پێویست بۆ پێداویستیه‌كانى ئه‌و كه‌رته‌. . هه‌نداوى داواى کرد بۆ چاره‌سه‌ركردنى بێكارى حكومه‌ت كار بۆ گه‌شه‌دانى كه‌رتى ئه‌هلى بكات بۆ ئه‌وه‌ى بتوانن هه‌لى كارى زیاتر بڕه‌خسێنن و پێش ده‌ستپێكردنى خۆپیشاندانه‌كانیش چه‌ند ڕێو شوێنیك بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش گیراوه‌ته‌ به‌ر. .