گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

لەسەر سکاڵاى بەرپرسێکى حکومى بوە

بەڕێوەبەری ڕادیۆی دەنگ بە کەفالەتى یەک ملیۆن دینار ئازادکرا و ناس کورد دۆسییەکەى ئاشکرا دەکات

2019.11.13 - 21:09
بەڕێوەبەری ڕادیۆی دەنگ بە کەفالەتى یەک ملیۆن دینار ئازادکرا و ناس کورد دۆسییەکەى ئاشکرا دەکات
ناس کورد- بەڕێوەبەری ڕادیۆی دەنگ لە گەرمیان لە پاش دەستگیرکردنی بەهۆی سکاڵایەکەوە، ئەمشەو بە کەفالەتى یەک ملیۆن دینار ئازادکرا. , ئەحمەد حەمید، ئەندامى ئەنجومەنى بەڕێوەبردنى ڕادیۆى دەنگ تایبەت بە ناس کوردی وت: "ئازاد عوسمان بەڕێوەبەری ڕادیۆی دەنگ بە کەفالەتی یەک ملیۆن دینار تا ڕۆژی دادگاییکردنی کە دووشەممەیە، ئازادکرا". , ئاماژەى بەوەشکرد، هۆکارى ئازادکردنى بەڕێوەبەرەکەى ڕادیۆى دەنگ دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ناڕەزاییە زۆرەى کە لەلایەن سەرجەم چین و توێژەکانەوە لەبارەى دەستگیرکردنەکەى خرانەڕو، کە بە یاسای ڕۆژنامەگەرى مامەڵە لەگەڵ کەیسەکەدا نەکراوە. , ئەو ئەندامەى ئەنجومەنى بەڕێوەبردنى ڕادیۆى دەنگ لەبارەى ئەو دۆسییەى ئازاد عوسمانى لەسەر دەستگیرکراوە ئاشکرایکرد: "ڕادیۆى دەنگ بە پشت بەست بە لێدوان و بەڵگە، ساڵى 2015 لە ڕاپۆرتێکدا ئەوەى خستەڕو، پرۆژەى 'شەقامى پشتێنەى کەلار' بەهۆى باخێکەوە کە باوکى بەرپرسێکى گەرمیان خاوەندارێتى کردووە کارەکانى وەستاوە". , بە گوێرەى زانیاریەکانى کە ئەحمەد حەمید ئاماژەى پێکردن، دواتر ئەو بەرپرسە حکومییەى گەرمیان بەتۆمەتى ناوزڕاندن سکاڵاى لەسەر ڕادیۆکە تۆمار کردووە. , هەرچەندە مێژووى دۆسییەکە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵى 2015 و ڕادیۆى دەنگیش پارێزەرى بۆ ئەو بابەتە ناردووەتە دادگا، بەڵام پاش ئازادکردنى ئازاد عوسمان بە کەفالەت لەو ساڵەدا، تا ئێستا دادگا بێدەنگ بوە و دواجار ئەمڕۆ کەفالەتەکەى هەڵوەشاندەوە و بڕیارى دەستگیرکردنى بۆ دەرکردووە. , ئەمڕۆش پاش دەستگیرکردنى بەڕێوەبەرەکەى، ڕادیۆى دەنگ هۆکارەکەى گەڕاندەوە بۆ ئەوەى: "ئه‌و دادوه‌ره‌ى كه‌ ئه‌مڕۆ بڕیارى ده‌ستبه‌سه‌ركردنى بۆ به‌رێوه‌به‌رى ڕادیۆى ده‌نگ ده‌ركردووه،‌ دوو ساڵه‌ داواى گواستنه‌وه‌ى كردووه‌ و بۆى نه‌كراوه،‌ ئێستاش له‌ سه‌رده‌مى ناڕه‌زایه‌تى ژماره‌یه‌ك له ‌دادوه‌ران هه‌وڵێك هه‌یه‌ بۆ دروستكردنى ناڕه‌زایه‌تى و سود وه‌رگرتن له‌و ناڕه‌زایه‌تییه‌ بۆ ئه‌وه‌ى دواجار بۆ گواستنه‌وه‌كه‌ى سودى لێ وه‌ربگرێت”. , ئەمە لە کاتێکدایە چەند کاتژمێرێک پێش ئازادبوونی، ڕادیۆی دەنگ لە گەرمیان لە ڕاگەیەندراوێکدا بانگەوازى بۆ گردبوونەوەیەک کرد و ئەوەى خستەڕو: "تاوانەکان سزاکان دیاری دەکەن نەک مەزاجی دادوەر، بۆیە بۆ وەستانەوە لە دژى ئەم مەزاجێتییە قەزائییە، سبەینێ پێنجشەمە، کاتژمێر 10 ی سەرلەبەیانی هەموومان لەبەردەم دادگای کەلار دەبین". , ,