گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ناوەڕۆکى کۆبوونەوەى بەرهەم ساڵح و نێچیرڤان بارزانى

2019.11.13 - 15:11
ناوەڕۆکى کۆبوونەوەى بەرهەم ساڵح و نێچیرڤان بارزانى
ناس کورد- بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆمارى عێراق و نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان لەکۆشکى سەلام لەبەغدا کۆبوونەوە و چەند پرسێکیان تاوتوێکرد. . بەپێی ڕاگەیەنراوێکى سەرۆکایەتى کۆمارى عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە دۆخی سیاسی و ئەمنی و پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو حکومەتی عێراق و ھەرێمی کوردستان کراوە، ھاوکات جەختکرایەوە لە چەسپاندنی سەقامگیریی وڵات و دەستەبەرکردنی ژیانێکی باشتر بۆ گەلی عێراق. . لاى خۆیەوە، بەشیر حەداد جێگرى سەرۆکى پەرلەمانى عێراق و بەشداربووى کۆبوونەوەکە بە ڕۆژنامەنوسانى ڕاگەیاند "لەکۆبوونەوەکەدا باسى پرسی هەموارکردنەوەى دەستور کراوە، باس لەوەکراوە کە هەرێم لەگەڵ ئەو پڕۆسەیەدایە ئەگەر لەمەى ئێستا باشتر بێت". https://www.youtube.com/watch?v=e5nVhgb7GJY&feature=emb_title ڤیان سەبرى سەرۆکى فراکسیۆنى پارتى لە پەرلەمانى عێراق و بەشداربووى کۆبوونەوەکە ئاماژەى بەوەکرد، جگە لە پرسی هەموارى دەستور و خۆپیشاندانەکان، باس لە گرنگى دروستکردنى هاوپەیمانى کوردستانى کراوە، تا بەیەک هەڵوێست کارەکانیان بکەن. . وتیشى "ئەگەر هەموارى دەستور ببێتە هۆى سەقامگیریی عێراق شتێکى باشە، گرنگیشە فراکسیۆنە کوردستانییەکان لەو بارەیەوە یەکدەنگ بن، کارەکانى هەموارکردنەوەکەش بە تەوافوقە نەک بە دەنگدان". . سەرلەبەیانى ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانى بەسەردانێکى پێشتر ڕانەگەیەنراو گەیشتە بەغدا و لەگەڵ عادل عەبدولمەهدى و بەرهەم ساڵحدا کۆبووەوە. . سەرچاوەیەک کە ئاگادارى ناوەڕۆکى کۆبوونەوەى نێوان عەبولمەهدى و نێچیرڤان بارزانى یە وتى “بارزانى لەکۆبوونەوەکەدا پشتیوانى تەواوى بۆ حکومەتەکەى عەبدولمەهدى دوپاتکردووەتەوە و باسى لە پێویستى چارەسەرکردنى کێشەکانى نێوان هەرێم و بەغدا کردووە”. وتیشى “هەردوولا لەکۆبوونەوەکەدا تاوتوێی پرسی گۆڕانکاریی دەستورى و جموجۆڵەکانیان کردووە لەو بارەیەوە، بەجۆرێک هەر گۆڕانکارییەک دەبێت بە ڕەزامەندى هەموو گەلى عێراق بێت”. . سەردانەکەى نێچیرڤان بارزانى لەکاتێکدایە، دانوستانەکانى نێوان هەرێم و بەغدا بۆ چارەسەرکردنى کێشەکانى نێوانیان بەهۆى خۆپیشاندانەکانەوە ماوەیەک بوو روویان لە وەستان کردبوو. . هەروەها سەردانەکە هاوکاتە لەگەڵ جموجۆڵەکان بۆ هەموارى دەستورى عێراق کە کورد جەختدەکاتەوە نابێت دەست بۆ مافەکانى ببرێت لەدەستوردا.