گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

شەڕ و هێرش لە ڕۆژئاواى کوردستان..شەش چەکدار کوژران و حەوت شەڕڤانیش شەهیدبوون

2019.11.12 - 19:57
شەڕ و هێرش لە ڕۆژئاواى کوردستان..شەش چەکدار کوژران و حەوت شەڕڤانیش شەهیدبوون
ناس کورد-   ‌هێزەکانی سوریای دیموکرات کوژرانی شەش چەکدارى گروپە هاوپەیمانەکانى تورکیا و شەهیدبوونى حەوت شەڕڤانى ڕاگەیاند. . ئەمڕۆ سێشەممە، 12ی تشرینی دووەمی 2019، ناوەندی راگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) ئاماری شەڕ و بەرخۆدانی شەڕڤانانی لە دژی لەشکرکێشییەکانى سوپای تورکیا و گروپە چەکدارەکانی لە زرگان و تل تەمر و عەین عیسا ئاشکراکرد. . ناوەندی ڕاگەیاندنی هەسەدە ڕایگەیاند "سوپای تورکیا و چەکدارەکانی بە چەکی قورس هێرشیان کردووەتە سەر گوندی تل ئەلوەرد، تل محەمەد، تل شەعیر و زرگان". . ئاماژەى بەوەشکردووە، لە تل تەمر سوپای تورکیا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و چەکی قورس هێرشیان کردووەتە سەر گوندەکانی گوندی ریحانیە و عامریە و لەئەنجامی وەڵامی شەڕڤاناندا زرێپۆشێکی تورکیا بە تەواوەتی تێکشکێنراوە. . بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، سوپای تورکیا و گروپە چەکدارەکانی بە هاوەن و تانک هێرشیان کردووەتە سەر گوندی کەفیفا، مشێرفا و کۆر حەسەن، هەروها فڕۆکەی جەنگی بێفڕۆکەوانی تورکیا ناوچەکەی بۆردوومان کردووە، لە ئەنجامی وەڵامی شەڕڤانان شەڕێکی قورس ڕویداوە و بەهۆیەوە ژمارەیەک سەربازی تورک و چەکدار کوژران و بریندار بوون. . هەسەدە باسى لەوەشکردووە، بەهۆى پێکدادان و هێرشەکانەوە شەش چەکدار کوژراون و شەشى دیکەش برینداربوون، هەروەها حەوت شەڕڤان شەهیدبوون و 12ى دیکەش برینداربوون. . هەسەدە بەردەوام تورکیا و گروپە چەکدارەکان تۆمەتباردەکات بەوەى ئاگربەست دەشکێنن و بەردەوامن لە هێرشکردنە سەر هەسەدە و ناوچەکانى ڕۆژئاواى کوردستان.