گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ناوەڕۆکى کۆبوونەوەى مەسرور بارزانى و ئەنجومەنى پارێزگاکان

2019.11.12 - 16:56
ناوەڕۆکى کۆبوونەوەى مەسرور بارزانى و ئەنجومەنى پارێزگاکان
ناس کورد – هۆرڤان رەفعەت   مەسرور بارزانى و دەستەى سەرۆکایەتى ئەنجومەنى پارێزگاکان کۆبوونەوە و جەختیان لەسەر  هەماهەنگى نێوانیان و گرنگی رۆڵی چاودێریی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لەسەر دامەزراوەکانی حکومەت لە چوارچێوەی سنووری پارێزگاکان کردەوە. . ئەمڕۆ سێشەممە، 12ی تشرینی دووەمی 2019 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک کۆبووەوە. . بەپێی ڕاگەیەنراوێکى ئەنجومەنى وەزیران، لەکۆبوونەوەکەدا سەرۆکی حکومەت داوای لە ئەنجومەنی پارێزگاکان کردووە، هاوکاری حکومەت بن لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکان لە چوارچێوەی سیاسەتی گشتی، بە ئاراستەی نەهێشتنی رۆتین و ئاسانکاریکردن لە راییکردنی مامەڵەی هاووڵاتییان. . مەهدی مەحمود، سکرتێری ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە ناس کوردی ڕاگەیاند "ئەمڕۆ کۆبونەوەیەکی گرنگمان لەگەڵ سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران ئەنجامداوە و پێشتریش ئێمە چەند داواکارییەکمان بۆ سەرۆکایەتی حکومەت ناردبوو کە دەمانەوێت لەگەڵ ئەم کابینەیەی حکومەتدا هەماهەنگی و پەیوەندییەکی باشمان هەبێت". . وتيشى "لەکۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا جەختمان لەو داوایەمان کردەوە و ویستمان لەنزیکەوە داواکارییەکانمان بخەینە ڕوو، لەکۆبوونەکەوەدا ئەوەی ویستمان بەسەرۆکایەتی حکومەتمان وت". . مەهدی مەحمود ئاماژەی بەوەکرد، بە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانیان وتووە لەم کابینەیەدا زۆر بانگەشەی چاکسازی دەکەن و ئەگەر چاکسازی ڕاستەقینەیان دەوێت ئەوا ئەنجومەنی پارێزگاکان باشترین دەزگان بۆ ئەوەی لەڕێگەیەوە چاکسازیی ئەنجام بدرێت، هەروەها باشترین دەزگان کە بتوانن هاوکاریان بن بۆ بەدامەزراوەییکردن و ڕێکخستنەوەی داهات و خەرجییەکان. . سکرتێری ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی باسی لەوەشکرد، لەکۆبونەوەکەدا باسیان لەوەکردووە کە پێویستە خزمەتی زیاتر بە هاوڵاتییان بکرێت و ئەو پڕۆژانەی ڕاوەستاوە دوبارە بەگەڕبخرێتەوە. . دەربارەی وەڵامی سەرۆکایەتی حکومەت، سکرتێرەکەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی وتی "سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەڵامەکانیان زۆر ئەرێنی بوو، ڕۆڵی ئەنجومەنیان بەرز نرخاندووە و پێیان خۆشبوە کە بتوانین یارمەتیان بدەین لەڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی و ئەنجامدانی چاکسازی و پاڵپشتی خۆشیان بۆ دەربڕین بۆ بەردەوامبوون لە کارەکانمان".