گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دادوەرانی مانگرتوو لە گەرمیان ڕاگەیەنراوێکی پێنج خاڵییان ڕاگەیاند.. بێدەنگ بوون ستەم و نادادیە

2019.11.12 - 11:59
دادوەرانی مانگرتوو لە گەرمیان ڕاگەیەنراوێکی پێنج خاڵییان ڕاگەیاند..  بێدەنگ بوون ستەم و نادادیە
ناس کورد- دوای یەک هەفتە لە مانگرتن، دادوەران و داواکارانی گشتیی مانگرتوو لە گەرمیان ڕاگەیەنراوێکیان بڵاوکردەوە و داواکارییەکانیان لە پێنج خاڵدا کۆکردووەوە. . لە ڕاگەیەنراوەکەدا کە ئەمڕۆ سێشەممە، 12ی تشرینی دووەمی 2019، دەریانکردووە دەڵێن، "هۆکاری مانگرتنمان ڕوونە و کۆمەڵێک گرفتمان لەگەڵ سەرۆکى دادگای تێهەڵچوونەوەى گەرمیان هەیە و هەوڵەکانمان بۆ چارەسەرکردن بە بنبەست گەیشتوون." . دەشڵێن، "بۆیە بێدەنگ بوون لە ئاست ئەو ستەم و نادادیە بە جۆرێک لە ناڕەوایەتیی دەزانیین و لەگەڵ پیشەی دادوەرێتیمان یەک ناگرێتەوە، هەر بۆیە لەبەر بێ ئومێدیمان لە ئەنجومەنی دادوەری داوامان ئاڕاستەی پەرلەمان و حکومەت و دادگای پێداچوونەوەکرد بە پێکهێنانی لێژنەیەک بۆ لێکۆلینەوە لەڕەوشی دادوەری ئەم سنوورە." . ئەوان داواکارییەکانیان لە پێنج خاڵدا کۆکردووەتەوە کە ئەمانەن: . یەکەم: ئەکتیڤکردنی ڕۆڵی داواکاری گشتی لە چاودێری و دژایەتیکردنی گەندەڵیی و پاراستنی ماڵ وسامانی گشتی، وە هەموارکردنەوەی یاسای داواکاری گشتی کە بە زەروورەتێکی هەنووکەیی دەزانیین و جێگەی دڵخۆشیە ئێستا پەرلەمانی کوردستان خوێندنەوەی یەکەمی بۆ کردووە و پەلەبکرێت لە هەموارکردنەوەی یاساکە لەماوەی سێ مانگی داهاتوودا. . دووەم: هەموارکردنەوەی یاسای دەسەڵاتی دادوەری ژمارە (23)ی ساڵی 2007ى هەرێمی کوردستان. . سێیەم: دەرکردنی یاسای دەستەی سەرپەرشتیارانی دادوەری لە هەرێمی کوردستان کە تائێستا بەپێی یاسای دەسەڵاتی دادوەری یاسای بۆ دەرنەکراوە کە کەلێنێکی یاسایی گەورەیە لە نەبوونی چاودێریکرنی کاری دادوەری لە هەرێمی کوردستان. . چوارەم: چاکسازیکردن و بە دامەزراوەکردنی سیتسمی دادوەری و دوورخستنەوەی دەستی حیزب و سەربەخۆیی دادگاکان. . پێنجەم: هەڵوەشاندنەوەی دەستبەجێی بڕیاری سزادانمان کەلەلایەن ئەنجوومەنی دادوەرییەوە دەرکراون بەگواستنەوەی دادوەرانیشەوە، چونکە بەنایاساییان دەزانیین و پشتی بە ڕاپۆرتی لیژنە نەبەستووە کە بڕیاڕبووە دروست بکرێت، تەنها کەسێک ڕاپۆرتەکەی نووسیوە و بێلایەنی نەپاراستووە و لە بەرژەوەندی سەرۆکی دادگای گەرمیان نووسیویەتی و تۆمەتی نابەجێ و ناهەقی داوەتە پاڵمان. . هه‌روه‌ها ڕێگریکردن لە خراپ بەکارهینانی دەسەڵات و دووبارەسزادانی نایاسایی دادوەران و داواکارانی گشتی له‌ ژێرناوی بەرژەوەندی گشتيیدا له‌سه‌ر هه‌ڵوێسته‌كانيان. . لە کۆتاییدا دەڵێن، "لەم پرۆسەیەدا ئومێد دەکەین توانیبێتمان بەم مانگرتنەمان کە جۆریکە لە خەباتی شارستانی و مەدەنی پەیامێک بدەین بەڕای گشتی و جەماوەر کە چاکسازی لە بواری دادوەری کەمتر نيیە لە بوارەکانی تر بەڵکو لە هەموو بوارەکانی تر گرنگترە، بەبێ سەروەر بوونی یاساو کاراکردنی ڕۆڵی داواکاری گشتی وە ڕێکخستنی سیستمی دادوەری، مەحاڵە و ناتوانیین هەنگاو بنێین بۆ چاکسازی لە بوارەکانی تر."