گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

تەنها لە هەفتەى ڕابردوودا تورکیا چوار هەزار کۆچبەری نائاسایی دەستگیرکردووە

2019.11.12 - 11:42
تەنها لە هەفتەى ڕابردوودا تورکیا چوار هەزار کۆچبەری نائاسایی دەستگیرکردووە
ناس کورد- تەنها لە هەفتەى ڕابردوودا، هێزە ئەمنییەکانی تورکیا سێ هەزار و 893 کۆچبەریان لە ناوچە جیاوازەکانى ئەو وڵاتە دەستگیرکردووە کە ویستوویانە بە ڕێگایەکی نایاسایی بچنە وڵاتانی یۆنان و بولگاریا. . ئاژانسی ئەنادۆڵوی تورکی داتاکانى لە هێزەکانى پۆلیسی دەریاوانی و جەندرمەى تورکییەوە وەرگرتووە، لەو ماوەیەدا و تەنها لە پارێزگای ئیدرنە کە هاوسنورە لەگەڵ هەردوو وڵاتی یۆنان و بولگاریا، دوو هەزار و 489 کۆچبەری نائاسایی دەستگیرکراون. . ئاژانسەکە لەزاری چەند سەرچاوەیەکی ئەمنییەوە دەڵێت، یۆنان بە شێوەیەکی نایاسایی و دور لە پەیماننامە نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان زۆربەى ئەو کۆچبەرانەش دەگەڕێنێتەوە تورکیا کە دەگەنە ئەو وڵاتە. . هەر لە هەمان ئەو هەفتەیەدا، لە شارەکانی موگڵە، چاناکاڵ، ئیزمیر، بۆردروم، ئەنتاڵیا و ئایدن کە هەموویان دەکەونە سەر دەریا، زیاتر لە هەزار کۆچبەر لەلایەن هێزەکانى پۆلیسی دەریاوانی و جەندرمەوە دەستگیرکراون. . هاوکات لە پارێزگاکانی کیرکلاریل و تێکیرداگ لە باکوری ڕۆژهەڵات و پارێزگای هاتای لە باشوری تورکیا 273 کۆچبەری تر دەستگیر کراون. . بەپێی هەواڵەکەى ئەنادۆڵو، ئەو کۆچبەرانەی دەستگیرکراون زۆربەیانی خەڵکی پاکستان، سوریا، کۆنگۆ، عێراق، ئێران، ئەفغانستان و مەغریب و میسر و بەنگلادش و سۆماڵیا و یەمەن و چەند وڵاتێکی تر بوون. . سەرجەم ئەو کۆچبەرە نائاساییانە کە لەو هەفتەیەدا دەستگیرکراون براون بۆ نەخۆشخانە بە مەبەستی چارەسەری پزیشکی یان نێردراون بۆ بنکەکانى کۆچبەران لەو پارێزگایانە. . بەپێی نوێترین ئامار کە سولێمان سۆیلۆ، وەزیری ناوخۆیی تورکیا ڕایگەیاند، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تائێستا، زیاتر لە 373 هەزار و 500 کۆچبەر لەڕێگای چوونیان بۆ یۆنان و بولگاریا دەستگیرکراون کە ئەوەش زۆر زیاتر لەو کەسانەى کە ساڵی 2018 دەستگیرکران کە 268 هەزار بوو. . هەربەپێی قسەکانى سۆیلۆ، لە ماوەى سێ ساڵی ڕابردوودا، 172 هەزار کۆچبەری نائاسایی لەلایەن تورکیاوە دیپۆرتی وڵاتانى خۆیان کراونەتەوە.