گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وەزیرى دادى عێراق: لێکۆڵینەوە لەو پێشێلکارییانە دەکەین کە بەرامبەر خۆپیشاندەران کراوە

2019.11.12 - 08:35
وەزیرى دادى عێراق: لێکۆڵینەوە لەو پێشێلکارییانە دەکەین کە بەرامبەر خۆپیشاندەران کراوە
ناس کورد- وەزیرى دادى عێراق نیگەرانى حکومەتى عێراقى دەربڕى بۆ کوژرانى چەند هاووڵاتیەک لەریزەکانى خۆپیشاندەرانى شارى بەغدا و شارەکانى ترى عێراق و ئاماژەى بەوە کرد ئەوەى بەرامبەر بە خۆپیشاندەران کراوە پێشێلکاری تاکەکەسین و پەیوەندییان بە حکومەتەوە نییە. . فاروق ئەمین، وەزیرى دادى عێراق لە میانەى کۆبوونەوە و قسەکردنى بۆ چەند دبلۆماتکارێکى نێودەوڵەتى ئاماژەى بەوە کرد حکومەتى عێراق بەتەواوى نیگەرانە بۆ لەدەستدانى ئەو چەند هاووڵاتییەى کە لە خۆپیشاندانەکاندا گیانیان لەدەستداوە. . جەختیشى لەسەر ئەوە کردەوە "حکومەتى عێراق بەتەواوەتى بەکارهێنانى هێز و پەنابردن بۆ بەکارهێنانى فیشەکى راستەقینە، رەتدەکاتەوە". . بەوتەى وەزیرى دادى عێراق، دۆسیەى لێکۆڵینەوە لە سەرجەمى ئەو پێشێلکاریى و سەرپێچییانە کراوەتەوە کە لەکاتى خۆپیشاندانەکان بەرامبەر بە خۆپیشاندەران ئەنجامدراوە. . روونیشیکردەوە "دەستورى عێراق گرەنتى گردبوونەوەى ئاشتیانە دەکات و ئامانجى دەسەڵاتداران و هێزە ئەمنییەکانیش پاراستنى خۆپیشاندەرانە نەک زیانگەیاندن پێیان". . هاوکات بەگوێرەى لێدوانى چەند بەرپرسێکى عێراقیش لەسەر داواى رێکخراوى نەتەوە یەکگرتووەکان پلانى ئەوە هەیە سەرجەمى بەندکراوەکان ئازادبکرێن و هەروەها وەک جێبەجێکردنى بەشێک لە داواکارییەکانى خۆپیشاندەرانیش چاکسازیى لە یاسای هەڵبژاردن و کۆمسیۆنى هەڵبژاردندا دەکرێت. . لێدوانەکەى وەزیرى دادى عێراق لەکاتێکدایە کە ژمارەیەک لە دبلۆماتکار لەنێویاندا ئەمریکا رەخنەیان لە مامەڵەى حکومەتى عێراق لەگەڵ خۆپیشاندەران گرت. . هەروەها بەگوێرەى ئامارە فەرمییەکانیش کە هەر یەکە لە کۆمسیۆنى مافى مرۆڤ و لیژنەى مافى مرۆڤى پەرلەمانى عێراق و ڕێکخراوە جیهانییەکان بڵاویان کردووەتەوە، لە سەرەتاى خۆپیشاندانەکانى عێراقەوە لە 1ى تشرینى یەکەمى ئەمساڵ تا ئێستا ژمارەى کوژراوان لە 300 کەس تێپەڕیوە کە خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکانیشیان تێدایە، لەگەڵ زیاتر لە 11 هەزار بریندار.   .