گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

ئایا خۆپیشاندانەکانی عێراق کۆتایی هاتووە؟

2019.11.11 - 22:08
ئایا خۆپیشاندانەکانی عێراق کۆتایی هاتووە؟
ناس کورد- لە 25ی تشرینی یەکەمی ڕابردوو، خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان دژبە گەندەڵی، بێكاری و خراپی خزمەتگوزارییەكان جارێکى تر شاری بەغداد و چەند شارێكی باشوری عێراقی گرتەوە، تا ئێستاش ژمارەى قوربانییەکان ڕێژەیەکى مەترسیدارن. , ئەوەى دەبیندرا و میدیا عێراقییەکان چاویان لەسەرى بو، ئەوەبو لە خۆپیشاندانەکاندا دروشم دژى ئێران دەوترایەوە و داوا دەکرا "ئێران دەستى لە کاروبارى وڵاتەکە دووربخاتەوە"، لەگەڵ چەند دروشمێکى ترى نیشتیمانى کە تا خۆرئاوابوون لە گۆڕەپانەکانى خۆپیشاندانەکان دەوترانەوە. , [caption id="attachment_153856" align="alignnone" width="781"] ,[/caption] ئایا خۆپیشاندانەکان فراوان دەبن یان خۆریان ئاوا دەبێت؟ چالاکوانان و کاربەدەستان لەبارەى پەرەسەندنى خۆپیشاندانەکان دوو ڕاى جیاوازیان هەیە، بەشێکى زۆرى چالاکوانانى خۆپیشاندانەکان پێیانوایە خۆپیشاندانەکان پاش چەند جوڵەیەکى سیاسی فروانتر بوونەتەوە. , لەوباریەوە ئەحمەد خزر، چالاکوانی مەدەنی و بەشداربوی خۆپیشاندانەکانی گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدادى پایتەختى عێراق تایبەت بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "تا دێت خۆپیشاندانەکان تاودەسێنن و زیاتر فراوان دەبن، بەتایبەتی لە پاریزگاکانى دیکەی عێراق". , ئەو چالاکوانە ئەوەشى وت: "چاوی کامێراکان تەنها گۆڕەپانی تەحریر دەبینن، فراوانبوونی ئاپۆڕای خۆپیشاندانەکان و مانگرتن و داخستنی فەرمانگاکانی حکومەت لە شارەکانی دیکە نابینن". , "داپلۆسین و سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە، کاریگەری هەبوە لە سەر قەتیسکردنی خۆپیشاندانەکان، تاڕادەیەک بەرەو خاوبوونەوە دەچو، بەڵام پشتگیری نەتەوەیەکگرتووەکان و یەکێتیی ئەوروپا بۆ داواکاری مافی ڕەوای خۆپیشاندەران، گڕوتینێکی زیاتری بەخشی بە ڕەوتی خۆپیشاندانەکان"، ئەحمەد خزر واى وت.   , لەلایەکى ترەوە، چالاکوانێکی خۆپیشاندانەکانی شاری نەجەف پێیوایە، خۆپیشاندانەکان تاڕادایەکی زۆر لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە لێواری کۆتاییپێهینان بوون لەلایەن حکومەتەوە، بەڵام پشتگیری مەرجەعییەت و نەتەوەیەکگرتووەکان جارێکی دیکە خۆپیشاندەرانی گەڕاندەوە گۆڕەپانەکانی خۆپیشاندانەکان. , حوسام کەعبی، چالاکوانی مەدەنی خۆپیشاندانەکان لە شاری نەجەف، تایبەت بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "حکومەت گرەوی لەسەر کات دەکرد لەبارەى بێزاربوونی خۆپیشاندەران و چونەوەیان بۆ ماڵەوە، لەهەمانکاتیشدا هەوڵیدا لەڕێگەی بڵاوکردنەوەی ترس لەنێو خۆپیشاندەران، بڵاوە بە ئاپۆڕاکان بکات، ئەوەش لەڕێگەی کوکردنەوەی زانیاری لەسەر چالاکوانانی نێو خۆپیشاندانەکان لەلایەن دەزگا هەواڵگرییەکانەوە". , وتیشی، داکۆکیکردنی مەرجەعییەتی باڵای نەجەف لە خۆپیشاندەران ڕۆڵێکی باڵای هەبوە لە دووبارە فراوانبوونی بازنەى خۆپیشاندانەکان، بەتایبەتی دوای کۆبوونەوەی نوێنەری تایبەتی ئەمینداری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق لەگەڵ سیستانی. , محەمەد شەریفی، چالاکوانێکى شاری کەربەلا و ئامادەبوى خۆپیشاندانەکان بۆ ناس کورد ئەوەى ڕونکردەوە، پشتگیری مەرجەعییەتى باڵاى شیعە و کۆشکی سپی بۆ خۆپیشاندانەکان، ترس لە دڵی خۆپیشاندەران نەهێشت، دەشڵێت، ئەوانەی کە بیریان لەو دەکردەوە گۆڕەپانی خۆپیشاندانەکان بەجێبهێڵن ئێستا سورن لەسەر مانەوە و بەردەوامبوون لە داوکارییەکانیان. , بەڕاى ئەو چالاکوانە، ئێستا "دەستلەکارکێشانەوەی عادل عەبدولمەهدی"، بوەتە داواکارى یەکەمى خۆپیشاندەران و لەگەڵ داوایەکى سەرەکى کە ڕادەستکردنى "بکوژانی خۆپیشاندەران"ە. , ئەوەشی خستەڕو، بەردەوام دەبن لە دەربڕینى ناڕەزایەتى تا ئەو كاتەی داواكارییەكانیان سەبارەت بە باشكردنی خزمەتگوزاری، ڕەخساندنی دەرفەتی كار، سزادانی گەندەڵكاران جێبەجێ دەكرێن.   , هەرچەندە ئەو چالاکوانانە و خۆپیشاندەران و بەشێک لە ڕێکخراوە جیهانییەکانیش، ھێزە ئەمنی و چەکدارییەکان بەوە تۆمەتبار دەكەن كە بەڕاستەوخۆیی تەقەیان لە خۆپیشاندەران کردووە و توندووتیژییان ئەنجامداوە، بەڵام حكومەت زۆرجار بانگەشەی ئەوەى کردووە، كارمەندانی ئەمنی و خۆپیشاندەران لەمیانی خۆپیشاندانەكاندا بوونەتە ئامانجی خەلکانێکی "تێکدەر". , ئەمڕۆ 11ی تشرینی دووەم، نوێنەری نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق سەردانی عەلی سیستانی کرد، دواتر ئاشکرایکرد: "سیستانی جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە، نابێت توندووتیژی لەدژی خۆپیشاندەرانی ئاشتیخواز بکرێت". , هاوکات سەبارەت بەو پرسە کۆشکى سپى ئەمریکا هەر ئەمڕۆ لە ڕاگەیەندراوێکدا وتى: "عێراقییەکان دەستەوەستان ناوەستن بەرامبەر بە تاڵانبردنى داهاتەکانیان لەلایەن ڕژێمى ئێران و بەکارهێنانى گروپە چەکدارەکان بۆ ڕێگرى لە دەربڕینى بۆچوونەکانیان بەشێوەى ئاشتییانە”. , کۆشکى سپى ئەوەشى خستوەتەڕو: “سەرەڕاى بە ئامانجگرتنیان بەشێوەى توندووتیژ و بێبەشکردنیان لە گەیشتنیان بە هێڵەکانى ئینتەرنێت، گەلى عێراق دەنگى دەبیسترێت کە داواى ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پێشوەختە و چاکسازییی هەڵبژاردن دەکەن”.   , بەڵام لەلایەکى ترەوە، عەبدولکەریم خەڵەف، وتەبێژی عادل عەبدولمەهدی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لەمیانەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: “بەشێک لە خۆپیشاندەران تاڵانی و دزی و کارى تێکدەرانە ئەنجامدەدەن و دەستدرێژی دەکەنە سەر ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان، هەروەها لەناوەڕاستی بەغداد بەتەواوەتی جموجوڵی هاتوچۆکردنیان ڕاگرتوە”. , خەڵەف وتیشی: “چەند لایەنێک کە لەنێو خۆپیشاندەرانن گومانی ئەوەیان لێدەکرێت کە لەناو مەتعەم تورکییدا سەرقاڵی دروستکردنی مادەی تەقەمەنی بن بۆ ئەوەی باڵەخانەکە بتەقێننەوە و هەموو ئەو کەسانەی لەباڵەخانەکەدایە بکوژن، هەروەها بەشێکی دیکە لە خۆپیشاندەران لەسەر ئەو باڵەخانە نزیکەکانی گۆڕەپانی خەیلانی لەناوەڕاستی بەغداد کاری تێکدەرانە دەکەن”. , وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق باسی لەوەشکردووە: “خۆپیشاندەران نارنجۆکی دەنگی، چەک، چەقۆ، کەتەر و مۆلۆتۆڤیان دژ بەهێزە ئەمنییەکان بەکارهێناوە و کاری دیکەی تێکدەرانەشیان کردووە، قوتابخانەیەکیان سوتاندووە و سێ باڵەخانەی حکومەتیشیان لە ناوەڕاستی بەغداد سوتاندووە، بۆیە چەند کەسێکیشمان لەسەر ئەو تۆمەتانە دەستگیرکردووە و نامانەوێت ئەو دۆخە بەو شێوەیە بەردەوام بێت”. , ئەو بەرپرسە باڵا سەربازییەی عێراق خۆپیشاندەرانى ناسڕییەشی بەوە تۆمەتبار کرد، سێ پردی سەرەکی شارەکەیان داخستوە و ڕێگای هاتوچۆی هاوڵاتییانیان گرتوە. , “هێزە ئەمنییەکان تائێستا بەهیچ شێوەیەک هێزیان بەکارنەهێناوە دژی خۆپیشاندەران، بەڵکو ئەوان بۆ پارێزگاری خۆپیشاندەران لەو ناوچەیەن و ئەمڕۆش لە بەغداد تەنها چوار خۆپیشاندەر بە سوکی برینداربوون و ئەوانیش بەخێرایی گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکان”، وەک عەبدولکەریم خەڵەف وتویەتى. , بەگوێرەى ئامارە فەرمییەکانیش کە هەر یەکە لە کۆمسیۆنى مافى مرۆڤ و لیژنەى مافى مرۆڤى پەرلەمانى عێراق و ڕێکخراوە جیهانییەکان بڵاویان کردووەتەوە، لە سەرەتاى خۆپیشاندانەکانى عێراقەوە لە 1ى تشرینى یەکەمى ئەمساڵ تا ئێستا ژمارەى کوژراوان لە 300 کەس تێپەڕیوە کە خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکانیشیان تێدایە، لەگەڵ زیاتر لە 11 هەزار بریندار. , ,