گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

وتەبێژی عەبدولمەهدى: لە باڵەخانەی مەتعەم تورکی خۆپیشاندەران مادەی تەقینەوە دروست دەکەن

2019.11.11 - 19:16
وتەبێژی عەبدولمەهدى: لە باڵەخانەی مەتعەم تورکی خۆپیشاندەران مادەی تەقینەوە دروست دەکەن
ناس کورد- وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ڕایگەیاند، خۆپیشاندەران لەنێو باڵەخانەی مەتعەم تورکییەوە مادەی تەقینەوە دروست دەکەن و "دەیانەوێت باڵەخانەکە بڕوخێنن"، ئاماژە بەوەشدەکات، "هێزە ئەمنییەکان توندووتیژیان بەکار نەهێناوە". , ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، 11ی تشرینی دووەمی 2019، عەبدولکەریم خەڵەف، وتەبێژی عادل عەبدولمەهدی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لەمیانەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگیاند: "بەشێک لە خۆپیشاندەران تاڵانی و دزی و کارى تێکدەرانە ئەنجامدەدەن و دەستدرێژی دەکەنە سەر ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان، هەروەها لەناوەڕاستی بەغداد بەتەواوەتی جموجوڵی هاتوچۆکردنیان ڕاگرتوە". , خەڵەف وتیشی: "چەند لایەنێک کە لەنێو خۆپیشاندەرانن گومانی ئەوەیان لێدەکرێت کە لەناو مەتعەم تورکییدا سەرقاڵی دروستکردنی مادەی تەقەمەنی بن بۆ ئەوەی باڵەخانەکە بتەقێننەوە و هەموو ئەو کەسانەی لەباڵەخانەکەدایە بکوژن، هەروەها بەشێکی دیکە لە خۆپیشاندەران لەسەر ئەو باڵەخانە نزیکەکانی گۆڕەپانی خەیلانی لەناوەڕاستی بەغداد کاری تێکدەرانە دەکەن". , وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق باسی لەوەشکردووە: "خۆپیشاندەران نارنجۆکی دەنگی، چەک، چەقۆ، کەتەر و مۆلۆتۆڤیان دژ بەهێزە ئەمنییەکان بەکارهێناوە و کاری دیکەی تێکدەرانەشیان کردووە، قوتابخانەیەکیان سوتاندووە و سێ باڵەخانەی حکومەتیشیان لە ناوەڕاستی بەغداد سوتاندووە، بۆیە چەند کەسێکیشمان لەسەر ئەو تۆمەتانە دەستگیرکردووە و نامانەوێت ئەو دۆخە بەو شێوەیە بەردەوام بێت". , ئەو بەرپرسە باڵا سەربازییەی عێراق خۆپیشاندەرانى ناسڕییەشی بەوە تۆمەتبار کرد، سێ پردی سەرەکی شارەکەیان داخستوە و ڕێگای هاتوچۆی هاوڵاتییانیان گرتوە. , "هێزە ئەمنییەکان تائێستا بەهیچ شێوەیەک هێزیان بەکارنەهێناوە دژی خۆپیشاندەران، بەڵکو ئەوان بۆ پارێزگاری خۆپیشاندەران لەو ناوچەیەن و ئەمڕۆش لە بەغداد تەنها چوار خۆپیشاندەر بە سوکی برینداربوون و ئەوانیش بەخێرایی گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکان"، وەک عەبدولکەریم خەڵەف وتویەتى. , ئەم وتانەی وتەبیژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانى عێراق، لەکاتێکدایە کە وەک میدیا عێراقییەکان ئاماژەیان پێکردووە، ماوەی دوو ڕۆژە هێزە ئەمنییەکانی عێراق بەشێوەیەکی زۆر توند ڕوبەڕوی خۆپیشاندەران بوونەتەوە و بەپێی ئەو وێنە و ڤیدیۆیانەشی بڵاویان کردووەتەوە، ئەمڕۆ هێزە ئەمنییەکان زۆر بەتوندی ڕوبەڕوی خۆپیشاندەران بوونەتەوە و بەهەموو شێوەیەک هەوڵی کۆتاییهێنان بە خۆپیشاندانەکان ئەدەن. , بەگوێرەى ئامارە فەرمییەکانیش کە هەر یەکە لە کۆمسیۆنى مافى مرۆڤ و لیژنەى مافى مرۆڤى پەرلەمانى عێراق و ڕێکخراوە جیهانییەکان بڵاویان کردووەتەوە، لە سەرەتاى خۆپیشاندانەکانى عێراقەوە لە 1ى تشرینى یەکەمى ئەمساڵ تا ئێستا ژمارەى کوژراوان لە 300 کەس تێپەڕیوە کە خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکانیشیان تێدایە، لەگەڵ زیاتر لە 11 هەزار بریندار. , ,