گه‌ڕان

Shadow Shadow
وه‌رزش

لە گەرمەى خۆپیشاندانەکانى عێراقدا

عێراق و ئێران ناکۆکییەکانیان دەبەنە نێو یاریگایەکی تۆپی پێ

2019.11.11 - 15:35
عێراق و ئێران ناکۆکییەکانیان دەبەنە نێو یاریگایەکی تۆپی پێ
ناس کورد- ئەگەرچی بەشێک لە هاوڵاتییانی عێراق بەردەوامن لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکانیان، بەڵام لە پاڵ ئەوەشدا بە تامەزرۆییەوە چاوەڕوانی یاری نێوان وڵاتەکەیان و ئێران دەکەن لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2022، بەتایبەت کە ئێستا هاوڵاتبیانی عێراق بەشێک لە کێشەکانی وڵاتەکەیان دەخەنە ئەستۆی ئێران و هوتاف لە دژی ئەو وڵاتە دەڵێنەوە. , بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممەی داهاتوو 14ی تشرینی دووەمی 2019، کاتژمێر 7:30 خولەک هەردوو هەڵبژاردەی عێراق و ئێران لە وڵاتی ئەردەن لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2020 ڕوبەڕوی یەکتر ببنەوە، ئێستا عێراق بە کۆکردنەوەی حەوت حاڵ لە پلەی یەکەمی کۆمەڵەی سێیەمدایە و ئێران بە کۆکردنەوەی شەش خاڵ پلەی سێیەمە. , ڕوبەڕوبوونەوەی هەردوو هەڵبژاردەکە لەکاتێکدایە، ماوەی زیاتر لە مانگێکە خۆپیشاندانێکی گەورە شەقامی عێراقی گرتوەتەوە و بەشێک لە خۆپیشاندەران دروشمەکانیان دژ بە دەستتێوەردانى ئێرانە لە کاروبارى وڵاتەکەیان، لە هەفتەی ڕابردووشدا، وەزارەتی دەرەوەی عێراق داوایکرد هیچ وڵاتێک دەست وەرنەداتە کاروباری ناوخۆی عێراق و لەجێی خۆپیشاندەران بڕیار نەدات، بۆیە میدیا عێراقییەکان بە گرنگەوە باس لە بەڕێوەچونی یارییەکە دەکەن. , هەرچەندە وەرزش بۆنەیەکی دوور لە سیاسەتە و کێبڕکێیەکی ئاشتییانەیە، بەڵام زۆرجار وڵاتانی ڕکابەری یەکتر ڕوبەڕوبوونەوە وەرزشییەکانیشیان کێبڕکێ  و تاموچێژی زیاتری پێوەیە و هەر لەدوای تەواوبوونی جەنگی عێراق و ئێران لە ساڵی 1988 یاری نێوان ئەو دوو وڵاتە کێبڕکێیەکی زۆری بەخۆوە بینی و لەنێوان وەرزشدۆستاندا بە کلاسیکۆی ئاسیا ناودەبرێت، بۆیە هەموو ئەوانە وادەکات یارییەکەی ڕۆژی پینجشەممە یارییەکی پڕ تاموچێژ و ئاگرین بێت. , لە مێژووی نێوان هەردوو هەڵبژاردەکەشدا، 27 یارییان بەرامبەر بەیەک ئەنجامداوە، تیایدا ئێران باڵادەستی خۆی نیشانداوە و لە 14 یاریدا براوە بوە و لە بەرامبەردا عێراق پێنج یاری سەرکەوتنی بەسەر ڕکابەرەکەیدا بەدەستهێناوە و لە هەشت یاریشدا یەکسان بوون. , ,