گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەرهەمهێنانى نەوتى هەرێم بۆ نیو ملیۆن بەرمیلى ڕۆژانە بەرزدەبێتەوە

2019.11.11 - 13:24
بەرهەمهێنانى نەوتى هەرێم  بۆ نیو ملیۆن بەرمیلى ڕۆژانە بەرزدەبێتەوە
ناس کورد-   ناوەندی روپێوی ئابووری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕایگەیاند، بەرهەمى ڕۆژانەى نەوتى هەرێم ڕووى لەبەرزبوونەوە کردووە و لە سەرەتاى ساڵى داهاتوودا دەگاتە 500 هەزار بەرمیل نەوتى ڕۆژانە. . بەپێی ڕاپۆرتێکى ناوەندەکە، سەرەڕاى دوو ساڵ لە بارگرژى، حکومەتى هەرێم لەمساڵدا بەرهەمهێنانى نەوتى ڕۆژانەى 75 هەزار بەرمیل زیادیکردووە، پێشبینیشدەکرێت ساڵى داهاتوو تواناى بەرهەمهێنانى نەوت زیاتر بەرزبێتەوە. . ئاماژەى بەوەشکردووە، بۆیەکەمجار لەدواى لەدەستدانى 280 هەزار بەرمیل نەوتى ڕۆژانەى باى حەسەن و ئاڤانە لە کۆتایی ساڵى 2017 لەلایەن حکومەتى هەرێمەوە، بەرهەمى نەوتى هەرێم نزیکبووەتەوە لە گەیشتن بە 500 هەزار بەرمیل نەوتى ڕۆژانە. . بەپێی ڕاپۆرتەکە، لەگەڵ بەردەوامى کارى کۆمپانیا نەوتییە بیانییەکان بۆ وەبەرهێنان لە هەرێم، پێشبینیدەکرێت کۆتایی ئەمساڵ بەرهەمهێنانى ڕۆژانەى نەوت لە هەرێم بگاتە 490 هەزار و سەرەتاى ساڵى داهاتووش بۆ 500 هەزار بەرمیل نەوتى ڕۆژانە بەرزبێتەوە. . ناوەندەکە هۆکارى زیادبوونى بەرهەمى نەوتى هەرێمى گەڕاندووەتەوە بۆ زیادبوونى کارى کۆمپانیا نەوتییە بیانییەکان و هەڵکۆڵینى زیاترى بیرە نەوت لەچەند ناوچەیەکى هەرێم. . حکومەتى هەرێم و کۆمپانیاى دیلۆیت کە وردبینى بۆ هەناردە و داهاتى نەوتى هەرێم دەکات لەمساڵدا هیچ ڕاپۆرتێکیان لەبارەى هەناردە و داهاتى نەوتەوە بڵاونەکردووە. . بەپێی دوایین راپۆرتى کۆمپانیاى دیلۆیت، لە سێ مانگى کۆتایی ساڵى ڕابردوودا هەرێم نزیکەى 40 ملیۆن بەرمیل نەوتى هەناردەکردبوو، کە بەهاکەى زیاتر بووە لە دوو ملیار دۆلار.