گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

ناس کورد وردەکارییەکە ئاشکرا دەکات

شەڕە ناوخۆییەکەى لیواى 12 چۆن روویدا و چۆن دوو ئەفسەرەکە کوژران؟

2019.11.10 - 19:35
شەڕە ناوخۆییەکەى لیواى 12 چۆن روویدا و چۆن دوو ئەفسەرەکە کوژران؟
ناس کورد-   سەرلەئێوارەى ئەمڕۆ (یەکشەممە) لەناو لیوایەکى هێزەکانى 70ى یەکێتى لە قەزاى بەردەڕەش شەڕ دروست دەبێت و بەهۆیەوە دوو ئەفسەرى پێشمەرگە دەکوژرێن و چەند پێشمەرگەیەکى تر بریندار دەبن و ناس کورد وردەکاریى دروستبوونى شەڕەکە ئاشکرا دەکات. . ناس کورد لە سەرچاوەیەکى بەرپرس لە وەزارەتى پێشمەرگەوە زانیوویەتى "هۆکارى شەڕەکە بەهۆى ئاڵوگۆڕى بەرپرسیارێتى بەشێکى لیواکە دروست بووە و بەرپرسى بەشى هەواڵگرى لیواکە رازى نەبووە پۆستەکە رادەستى ئەو بەرپرسە نوێیە بکات کە لەچوارچێوەى چاکسازییەکانى وەزارەتى پێشمەرگە دانراوە". . سەرچاوە بەرپرسەکە بۆ ناس کوردى روونکردەوە "دوای چاکسازی وەزارەتی پێشمەرگە بڕیاردرا بەشی هەواڵگری لیوای 12 بدرێت بەیەکەی 70ى یەکێتی و کەسێک بەناوی (موقەدەم مستەفا) داوای کردووە ئەو پۆستە وەربگرێت، بەڵام وەزارەت کەسێکی داناوە بەناوی (رائید سەباح شەکەوتی)". . سەرچاوەکە ئاماژەى بەوە کرد "ماوەی مانگێکە تەشکیلات کراوە بەڵام موقەدەم مستەفا رەتیکردۆتەوە پۆستەکە رادەستى رائید سەباح بکات و دواجار ئەمڕۆ (یەکشەممە) بڕیار دراوە تەشکیلاتی کۆتایی بکرێت". . بەوتەى سەرچاوەکە، رائید سەباح چووەتە دەوام بۆ دەستبەکاربوون لە پۆستە تازەکەى بەڵام موقەدەم مستەفا ڕازی نەبووە پۆستەکەى رادەست بکات و لەئەنجامدا شەڕ لەنێوانیان ڕوو دەدات و برایەکی موقەدم مستەفا تەقە لەرائید سەباح دەکات ودەستبەجێ دەیکوژێت و پێشمەرگەکانی تریش لەبەر دەرگا دەبن و دەچنە ژوورەوە تەقە دەکەن و لەئەنجامدا نەقیب (محمد شیخۆ) لەناوبژیکردندا ئەویش دەکوژرێت و دوو پێشمەرگەی تریش بریندار دەبن و موقەدەم مستەفا و براکەی هەڵدێن. . لەبارەى رووداوەکە پێشتر فه‌رمانده‌ى هێزه‌كانى یه‌كه‌ى حه‌فتاى سه‌ر به‌یه‌كێتى بە ناس کوردى وت "هێشتا هۆكارى ڕوودانى شه‌ڕه‌كه‌ى ناو لیواى سه‌ر به‌هێزه‌كه‌یان نازانن و به‌دواداچوونى بۆ ده‌كه‌ن، ده‌شلێت ئه‌وانه‌ى شه‌هید بوون له‌و شه‌ڕه‌ى ناو خۆیاندا سه‌ر به‌یه‌كێتین". . مسته‌فا چاوڕه‌ش فه‌رمانده‌ى هێزه‌كانى یه‌كه‌ى حه‌فتاى سه‌ر به‌یه‌كێتى به‌ناس كوردى ڕاگه‌یاند" دوو كه‌س شه‌هید بوون كه‌ پله‌كانیان ئه‌فسه‌رن و هه‌ردووكیشیان سه‌ر به‌یه‌كێتین". .