گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

سەدر چاوى بە قاسم سلێمانى نەکەوتووە

نهێنییەکانى ڕێککەوتنەکە..عەبدولمەهدى چۆن لەکەوتن ڕزگارى بوو؟

2019.11.10 - 09:08
نهێنییەکانى ڕێککەوتنەکە..عەبدولمەهدى چۆن لەکەوتن ڕزگارى بوو؟
ناس کورد-   هاوپەیمانى فەتح بەسەرۆکایەتى هادى عامرى جەختدەکاتەوە لەسەر رێککەوتنى هێزە سیاسییەکان و نەتەوەیەکگرتووەکان لەسەر مانەوەى عال عەبدولمەهدى سەرۆک وەزیران، سیاسەتمەدارێکیش پشتپەردەى رێککەوتنە مشتومڕاوییەکە ئاشکرادەکات. . دوێنێ شەممە ئاژانسى فرانس پرێس ئاشکرایکرد، لایەنە سیاسییە سەرەکییەکان لەناویاندا سائیرون و حیکمە، ڕێککەوتون لەسەر مانەوەى دەسەڵاتى ئێستا لەسەرووى هەمویانەوە عادل عەبدولمەهدى، ئەوەش دواى کۆبوونەوەی نێوان قاسم سلێمانى و موقتەدا سەدر و محەمەد رەزا سیستانى. . عامر فائز سەرکردە لە هاوپەیمانى فەتح ڕایگەیاند "رێککەوتن لەنێوان نوێنەرانى هێزە سیاسییەکان و حکومەت و نەتەوەیەکگرتووەکان و خۆپیشاندەراندا کراوە، لەسەر پێدانى مۆڵەتێک بە حکومەت کە لە شەش مانگ کەمتر نەبێت و لەساڵێکیش زیاتر نەبێت بۆ ئەنجامدانى چاکسازیی". . ماوەیەکى کەم پێش ئاشکرابوونى ڕێککەوتنەکە، عادل عەبدولمەهدى لەبەیاننامەیەکدا جەختیکردەوە لەسەر ئەنجامدانى چاکسازى و ڕاستکردنەوەى رێڕەوى پڕۆسەى سیاسی لە عێراق. . عزەت شابەندەر  سیاسەتمەدارى عێراقى ڕایگەیاند "لەکۆبوونەوەى نێوان سەرجەم هێزە سیاسییەکاندا، جگە لە هاوپەیمانى سائیرون بەسەرۆکایەتى موقتەدا سەدر، لایەنەکان لەسەر ڕێککەوتنەکە ڕازیبوون، جگە لە هاوپەیمانى نەسر بەسەرۆکایەتى حەیدەر عەبادى". . بەپێی ئاژانسى فرانس پرێس، ئامادەبووانى کۆبوونەوەکە رێککەوتوون لەسەر مانەوەى دەسەڵاتدارانى ئێستاى عێراق، تەنانەت ئەگەر دەسەڵاتداران ناچاربن بۆ کۆتایهێنان بە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان هێز بەکاربهێنن. . بەڵام سەڵاح عوبەیدى وتەبێژى موقتەدا سەدر لەلێدوانێکیدا بۆ ناس کورد، ڕەتیکردەوە سەدر چاوى بە قاسم سلێمانى کەوتبێت. . عوبەیدى وتیشى "ئەو قەسابخانەیەى دژى خۆپیشاندەران لە بەغدا و بەسرە ڕوودەدات تاوانێکى گەورەى مرۆڤایەتییە، بەرەنگاربوونەوەى راسپاردەکانى مەرجەعیەت و دامەزراوە نێودەوڵەتییەکانە بۆ بەئامانج نەگرتنى خۆپیشاندەران لەلایەن حکومەتەوە". . ڕێککەوتنى لایەنەکان بۆ مانەوەى دەسەڵات لەکاتێکدایە، شەوى ڕابردوو لەبەغدا و بەشێک لە شارەکانى دیکە خۆپیشاندان بەردەوام بوو، هێزە ئەمنییەکانیش بەهێز بەرەنگاریان بونەوە.