گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

گۆڕەپانی تەحریر شەوێکی خوێناوی بەڕێکرد

2019.11.10 - 08:50
گۆڕەپانی تەحریر شەوێکی خوێناوی بەڕێکرد
ناس کورد-   شەوی ڕابردوو، گۆڕەپانی تەحریر لە بەغدا شەوێکی خوێناوی بەڕێکرد، بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران هێزە ئەمنییەکان "توندوتیژییەکی زۆریان" بەکارهێنا کە بەهۆیەوە شەش کەس کوژراون و زیاتر لە 100 کەسیش برینداربوون. . بەپێی کەناڵى سکای نیوز، شەوی ڕابردوو هێزە ئەمنییەکان لەڕێگەی گازی فرمێسک ڕێژ و تەقەکردنەوە هەوڵیانداوە، خۆپیشاندەرانی گۆڕەپانی تەحریر بڵاوپێبکەن و بەهۆیەوە چەندین کەس کوژران و برینداربوون. . بەگوێرەی ئامارە سەرەتاییەکان، بەهۆی ئەو توندوتیژییانەی هێزە ئەمنییەکانەوە، شەش کەس کوژراون و زیاتر لە 100 کەسی دیکەش برینداربوون. . هاوکات جگە لە تەقەکردن و گازی فرمێسک ڕێژ، بەگوێرەی هەواڵی میدیا عێراقییەکان هەر شەوی ڕابردوو، بۆمبێکی دەنگی لە نزیک گۆڕەپانی تەحریر تەقیوەتەوە. . هەوڵدان بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران لەڕێگەی هێزەوە لەکاتێکدایە، دوێنێ شەممە ئاژانسى فرانس پرێس بڵاویکردەوە، لایەنە سیاسییەکانی عێراق ڕێککەوتوون لەسەر مانەوەی عادل عەبدولمەهدی لە پۆستەکەیدا و بڕیاریشیانداوە کۆتایی بە ناڕەزایی خۆپیشاندەران بهێنن، ئەگەر لە ڕێگەی بەکارهێنانی هێزیشەوە بێت.