گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پەرلەمانتارێکى گۆڕان پڕۆژەیەکى شاسوار عەبدولواحید دەباتە پەرلەمانی عێراق

2019.11.07 - 19:00
پەرلەمانتارێکى گۆڕان پڕۆژەیەکى شاسوار عەبدولواحید دەباتە پەرلەمانی عێراق
ناس کورد-   پەرلەمانتارێکى بزوتنەوەى گۆڕان، پشتگیری خۆی بۆ پڕۆژە پێشنیارێکى شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکى جوڵانەوەى نەوەى نوێ بۆ کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاکی ماڵان ڕاگەیاند و ئامادەیی خۆی نیشاندا پڕۆژەکەی بباتە پەرلەمانی عێراق. . غالب محەمەد، ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک ڕایگەیاند: " پێشکەوتن و ئاوەدانی بەکاری جوان و پرۆژە و خزمەتگوزارییە، بۆیە شاسوار عەبدولواحید، کە سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێیە لەهەمان کاتدا بازرگانە، ئەو داواکاری و پڕۆژەیەی کە پێشکەشیکردوە کارێکی باش و گرنگە بۆ هەرێمی کوردستان بۆیە پێویستە پشتگیری بکرێت". . لەدوای ئەوەی شارەوانی سلێمانی بڕیاریدا وەرگرتنی باجی خۆڵ و خاشاک لە هاووڵاتیان بخاتە بواری جێبەجێکردنەوە و هەر ماڵێک بڕی پێنج هەزار دیناری لێوەربگیرێت، شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ڕایگەیاند، ئەگەر ڕێگەیان بدەن کۆمپانیایەک دەهێنن خۆڵ و خاشاکی ماڵان کۆبکاتەوە و لە بری خۆڵەکەش مانگانە بڕی پێنج هەزار بە هەموو ماڵێک دەدەن. . غالب محەمەد ئاماژەی بەوەکرد :"پێم سەیرە هیچ لایەنێکی بەرپرس وەڵامی نادەنەوە بە فراکسیۆنەکەی خۆیشیانەوە کە نەوەی نوێیە لەپەرلەمانی کوردستان نایکەنە پرۆژە و داوای لێناکەن بەهێنانی ئەو کارگەیە، لەکاتێکدا کارێکی وا لەبەرژەوەندی هاووڵاتی و حکومەتی هەرێمی کوردستانە". . ئەو پەرلەمانتارە  ئامادەیى خۆى دەربڕى بۆ ئەوەى پڕۆژەکەى سەرۆکى جوڵانەوەى نەوەى نوێ بباتە ناو پەرلەمانى عێراق و واژووى بۆ کۆبکاتەوە. . غالب محەمەد جەختیکردەوە: " بەندە ئامادەم ئەگەر وەڵامی ئەو پرۆژەیە نادەنەوە و لەهەرێمی کوردستان جێبەجێی ناکەن، ئەوا داواکارم ئەو پرۆژەیە بدرێتە نوسینگەی پەرلەمانی عێراق لەسلێمانی بۆ ئەوەی بگات بەدەستم و ئامادەم لە بەغدا و لەڕێگەی لیژنەکەمان و پەرلەمانەوە واژۆی بۆکۆبکەمەوە بۆ ئەوەی پێشکەشی حکومەت بکرێت و هەموو هەوڵێکی بۆ دەدەم بۆئەوەی لەهەموو عێراق جێبەجێبکرێت، چونکە ئەم وڵاتە هەرگیز پەکی نەکەوتوە لەڕوی خۆڵ و خاشاکەوە ". . پەرلەمانتارەکەى گۆڕان ئاماژەى بەمەرجێک بۆ ئەو کارەى کردووە و دەڵێت "دەبێت شاسوار عەبدولواحید بەڵێننامەیەک پڕبکاتەوە کە ئەو پڕۆژەیە بەجوانی جێبەجێبکرێت، نەک وەک پڕۆژەکانی دیکەی خۆیی و بازرگانەکانی دیکە خەڵک هاوار بکەن بەدەستیانەوە". .