گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

ناس کورد هۆکارەکان ئاشکرادەکات

بازاڕى خانوبەرە لە هەرێم وەستاوە و نرخ دابەزیوە

2019.11.06 - 15:27
بازاڕى خانوبەرە لە هەرێم وەستاوە و نرخ دابەزیوە
ناس کورد-   دواى چەند مانگێک گەشەسەندنەوە، جارێکى تر بازاڕى خانوبەرە لە هەرێمى کوردستان ڕووى لە وەستان کردووە، بەهۆى چەند هۆکارێکەوە کە دیارترینیان ناسەقامگیریی سیاسی و ئاڵۆزبوونى دۆخى عێراق و لەشکرکێشى تورکیایە بۆ سەر ڕۆژئاواى کوردستان. . چوار مانگ لەمەوبەر و دواى پێکهێنانى کابینەى نوێی حکومەت، جموجۆڵى بازاڕەکانى هەرێمى کوردستان بەگشتى ڕوویان لە گەشەکردن کرد، دواى چەند ساڵێک وەستان و پاشەکشە بەهۆى قەیرانى داراییەوە، بەڵام ماوەى مانگێکە جارێکى تر ڕووى لە وەستان کردووەتەوە. . شڤان سەعید، خاوەنی نوسینگەی شڤان بناڤی لە شاری دهۆک بە ناس کوردی ڕاگەیاند "لەدوای ڕێککەوتنی حزبەکان بۆ پێکهێنانی حکومەت، بازاڕ بەشێوەیەکی زۆر باش کرایەوە و جموجوڵێکی زۆر هەبوو، بەڵام دواتر دوبارە بازاڕ وەستاوەتەوە و کڕین ‌و  فرۆشتن کەم بووەتەوە، لە ئێستاشدا بازاڕ بەشێوەیەکی گشتی وەستاوە و کڕین و فرۆشتنی خانوبەرە لە هەموو شارەکە کەم بووە". . بەوتەى شڤان، لەسەرجەم دهۆک کە نزیکەی 250 بۆ 300 نوسینگەی خانوبەرەی تێدایە ڕەنگە لە ڕۆژێکدا سێ بۆ پێنج گرێبەستی کڕین و فرۆشتن بنوسرێت، "تەنانەت نوسینگەی وا هەیە بە مانگێکیش هیچ گرێبەستێک نانوسرێت واتە هیچ کڕین و فرۆشتنێک نییە، لەهەندێک ناوچەدا بەشێوەیەکی گشتی نرخی لەسەدا ٪5 ڕیژەی کڕین و فرۆشتنی خانوبەرە دابەزیوە". . ماوەی نزیکەی مانگێکە لە بەغدا و 11 پارێزگای دیکەی عێراق ڕۆژانە هاوڵاتییان دەڕژێنە سەرشەقامەکان و خۆپیشاندان دەکەن و داوای دەستلەکارکێشانەوەی حکومەت و سەرۆک وەزیران دەکەن، هەروەها ماوەی مانگێکیشە سوپای تورکیا لەشکرکێشیى بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان دەستپێکردووە، ئەوەش ترس و نیگەرانى لەبازاڕدا دروستکردووە و خەڵکى سڵ لە کڕین و فرۆشتنى موڵک دەکەنەوە. . عەبدوڵا محەمەد، خاوەنی نوسینگەی موڵکی سلێمانی بە ناس کوردی وت "خۆپیشاندانەکانی عێراق و بانگەشەکانی گۆرینی دەستور و هێرشەکانی تورکیا بۆسەر ڕۆژائاوا، بازاڕەکانی هەرێمی ناسەقامگیر کردووە، بەتەواوەتی بازاڕی کڕین و فرۆشتنی خانوبەرەی کز بووە، بەجۆرێک ڕێژەی کڕین و فرۆشتن بەڕێژەی %10 دابەزیوە". . وتیشى "لە ئێستادا هاوڵاتییان نایانەوێت ئەو پارەیەی کە پێیانە خەرجی بکەن، دەیانەوێت پێیان بمێنێت چونکە لە تێکچوونی دۆخەکە دەترسن، بۆیە بازاری خانوبەرە بەشێوەیەکی گشتی کەمبووەتەوە لەسەرجەم ناوچەکانی پارێزگای سلێمانیدا". . کەرتى خانوبەرە لە هەرێمى کوردستان تا پێش سەرهەڵدانى قەیرانى دارایی لەساڵى 2014 خێراترین گەشەى بەخۆوە بینى و نرخى زەوى و خانو بەڕێژەیەکى بەرچاو بەرزبوونەوە، بەڵام بەهۆى قەیرانى داراییەوە پاشەکشەى گەورەى کرد. . ئارام جەمال، خاوەنی کۆمپانیای ئارام کە زیاتر لە شەش نوسینگەیان هەیە لە پارێزگای هەولێر بەناس کوردی ڕاگەیاند "بەشێوەیەکی گشتی هاوڵاتیاین کشاونەتەوە لە کڕین و فرۆشتن بەهۆی ئەو دۆخەی دروستبووە، بەڵام ئەم حاڵاتە ساڵانە لەکاتی قەیران و ڕوداوەکاندا دروستدەبێت و بۆ ماوەیەک بازاڕ دەوەستێت، دوای ماوەیەک دوبارە پڕۆسەکە دەستپێدەکاتەوە". . بەوتەى ئارام، لەشاری هەولێر ئێستاش لەناوچەی گەڕەکە میلییەکان لەو شوێنانەی نرخی زەوی لە سێ بۆ پێنج دەفتەر دۆلاردایە، جموجوڵی کڕین و فرۆشتن هەر هەیە و بەردوامە، بەڵام لەو شوێنانەی کە نرخەکانیان گرانن لەسەرو 15 دەفتەرەوەیە بازاڕ ڕاوەستاوە، بەشێوەیەکی گشتی ئەو دۆخی شەڕ و خۆپیشاندان و ئاڵۆزییەی لەناوچەکە دروستبووە، کاریگەریی زۆری هەبووە لەسەر لاوازکردنی بازاڕەکانی هەرێم. . وەستانى بازاڕى خانوبەرە لەکاتێکدایە، چاوەڕواندەکرا بەهۆى باشبوونى دۆخى هەرێمەوە، بازاڕى خانوبەرە قەرەبووى بەشێک لەو زیانانەى بکاتەوە کە بەهۆى ساڵانى قەیرانى داراییەوە بەرى کەوتبوو، بەڵام دۆخەکەى ئێستا ئەو هیوایەى دورخستەوە. . ڕابەر سەیفەدین لە نوسینگەی هاوبەش لەپارێزگای هەڵەبجە باسی لەوەکرد، لەبەشێک لەناوچەکان نرخی زەوی و خانوو بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزیوە، بەجۆرێک لەهەندێک ناوچە هەر پارچە زەوییەک بەبەهای 1500 بۆ 3500 دۆلار دابەزیوە.