گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

نێچیرڤان بارزانى: پشتگیرى لە خۆپیشاندەران دەکەین و نامانەوێ عادل عەبدولمەهدیش بڕوات

2019.11.05 - 15:56
نێچیرڤان بارزانى: پشتگیرى لە خۆپیشاندەران دەکەین و نامانەوێ عادل عەبدولمەهدیش بڕوات
ناس کورد- نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان رایگەیاند "پشتگیری لە داوا ڕەواکانی خۆپیشاندەرانی عێراق دەکەین، پێمانوایە، داواکانی خەڵکی عێراق داوای ڕەوان". .   لەمیانەى کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا کە لەدواى کۆبوونەوەی سەرۆککۆماری عێراق و سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێم و کەسی یەکەمی لایەنە کوردییەکان ئەنجامیدا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە و هەڵوێستی هەرێمی کوردستانى لەسەر دۆخی عێراق و پرسی هەموارکردنەوەی دەستور، ئاشکرا کرد. . سەرۆکى هەرێم ئاماژەى بەوە کرد، لە کۆبوونەوەکەدا باس لەوەکرا کە پێویستە لایەنەکانی هەرێمی کوردستان بە هەمووشێوەیەک یەک هەڵوێست بن و هاوکاری هەموو لایەنەکان بکەن بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخەی عێراقی تێکەوتووە و هاوکارییان بکەن بۆ دەربازبوون لەو دۆخە، داواشدەکەن بە زووترین کات بڕیاری چاکسازییەکانی حکومەت بچنە بواری جێبەجێکردنەوە. . هەروەها لەبارەی عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانى عێراق و داواکارى خۆپیشاندەران بۆ دەستلەکارکێشانەوەى، نێچیرڤان بارزانی روونیکردەوە، کێشەکانی عێراق کێشەی یەک ساڵ نییە و بە یەک ساڵ هیچ سەرۆکوەزیرێک ناتوانێت ئەو کێشانە چارەسەر بکات و پێویستە هەمووان هاوکاربن بۆ ئەنجامدانی چاکسازی. . هاوکات لەبارەی پرسی هەموارکردنەوەی دەستوری عێراقەوە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، ئەگەر دەستور پێویستیشى بە هەموارکردنەوە بێت پێویستە لە کەشوهەوایەکی ئارامدا بێت و پشتگیری خۆشیانى لە هەموارکردنەوەی دەستور دووپاتکردەوە "ئەگەر بۆ بەرژەوەندی خەڵک بێت". . سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختیکردەوە، ئەگەر نوسینەوەی دەستور بۆ مەبەستی ئەوەبێت کە دەستکەوتەکانی هەرێم کەمبکرێتەوە و قەوارەی هەرێم بچوکبکرێتەوە، ئەوا بێگومان سەقامگیری دروست ناکات، وتیشی :"بڕوا ناکەم هیچ لایەن و کەسێک بیەوێت دەستکەوتەکان و قەوارەی هەرێم بچوک بکاتەوە". .   دەربارەی ئەگەری هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق، نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەکرد: "پێمانوانییە هەڵبژاردنی پێشوەختە چارەسەری دۆخەکە بکات، بەڵکو گرنگترین شت ئەوەیە دانیشتنێکی فراوان لەنێوان لایەنە عێراقییەکاندا بکرێت و کێشە سەرەکییەکان دیاری بکرێن". . لەبەشێکى ترى کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، نێچیرڤان بارزانى بەشداریکردنى بەرهەم ساڵح سەرۆککۆمارى عێراقى لە کۆبوونەوەکە بەگرنگ زانى و روونیکردەوە "بەرهەم ساڵح سەرۆککۆماری عێراقە و خۆشحاڵبووین کە قبوڵیکردووە بەشداری بکات، لە کۆبوونەوەکەشدا، زیاتر قسەی لەسەر دۆخی ئێستای عێراق کرد و لە پرسی نووسینەوەی دەستوریشدا، بەرهەم ساڵح سەرۆکایەتی نوێنەرانی کورد دەکات". . نێچیرڤان بارزانى رەتیکردەوە کێشەى گەورە لەنێوان لایەنەکانى هەرێمى کوردستان هەبێت بەتایبەتى لەنێوان پارتى و یەکێتى و روونیکردەوە "ئەو شتانەش ئەگەر هەبن بە دیالۆگ چارەسەر دەبن". . ڕونیشیکردەوە، هەر لەسەر بنەمای ئەو یەک هەڵوێستی و یەکدەنگییە، لە کۆبوونەوەی ڕابردوو بڕیاریاندا هەوڵ بدەن فراکسیۆنێکی کوردی دروست بکرێت لە بەغدا و لە سەرۆکایەتی هەرێم بەجددی کار لەسەر ئەوە دەکەن کە بەمنزیکانە بتوانن ئەو هاوپەیمانێتییە کوردییە ڕابگەیەنن. . هەروەها لەبارەی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر پرسی نەوت و بودجە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی لەوەکرد، ئەولەویەتی یەکەمی کارەکانی حکومەت چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا بووە و بەغداش هەر ئەوەی ویستووە، لە دوای ئارامبوونەوەی دۆخی بەغداش دانوستانەکان دەستپێدەکاتەوە و هیوایخواست بگەنە ڕێککەوتنی کۆتایی. .