گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ڕۆژێکى نوێی خۆپیشاندانەکان لەعێراق، داخستنى ڕێگا و فەرمانگەکان، هۆشدارى لە داڕوخانى پردى کۆمارى

2019.11.04 - 13:00
ڕۆژێکى نوێی خۆپیشاندانەکان لەعێراق، داخستنى ڕێگا و فەرمانگەکان، هۆشدارى لە  داڕوخانى  پردى کۆمارى
ناس کورد-   خۆپیشاندەرانى عێراق ئەمڕۆ دوشەممە ڕۆژێکى نوێی خۆپیشاندان و ناڕەزاییان دەستپێکرد، لەڕێگەى داخستنى بەشێک لە شەقامە سەرەکییەکان و ژمارەیەک لە فەرمانگەکان و بەردەوامى مانگرتنى کراوەوە. . لەبەغدا کە شوێنى سەرەکى خۆپیشاندانەکانە، بەشێک لە خۆپیشاندەران بە پاککردنەوەى شەقامەکان رۆژى نوێیان دەستپێکرد، هەروەها بەشێکى دیکەیان چەند شاقامێکى سەرەکییان داخست، لە چوارچێوەى بەردەوامى مانگرتنى کراوەدا کە دوو ڕۆژە ڕایانگەیاندووە. هەروەها چەندین قوتابخانە و دامەزراوەى حکومی دەرگاکانیان داخست، وەک هاوسۆزییەک بۆ خۆپیشاندانەکان کە لەسەرەتاى مانگى ڕابردووەوە دەستیپێکردووە و بەهۆیەوە زیاتر لە 200 خۆپیشاندەر کوژراون. . لە پارێزگاى دیوانیە و زیقاریش خۆپیشاندەران چەندین فەرمانگەى حکومیان داخست، کە پابەندى مانگرتنى کراوە نەبوون. داخستنى ئەو فەرمانگانە و بەردەوامى مانگرتنى کراوە لەکاتێکدایە، دوێنێ عادل عەبدولمەهدى سەرۆک وەزیرانى عێراق داواى کۆتایی هێنانى خۆپیشاندانەکان و دەستپێکردنەوەى دەوامى فەرمانگەکانى کرد، کە بەوتەى ئەو زیانى زۆریان بە عێراق گەیاندووە. لەگەڵ بەردەوامى خۆپیشاندانەکان بەتایبەتى لەبەغداى پایتەخت، عەبدولکەریم خەڵەف وتەبێژ بەناوى فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکانەوە، هۆشداریدا لەوەى سوتان و تێکدانى بەشێک لە پێکهاتەى پردى کۆمارى ببێتە هۆى داڕوخانى پردەکە بەتەواوەتى.