گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دواى حکومەت، پارتى وەڵامى یەکێتى دەداتەوە ئەو زەمەنە تێپەڕى

2019.11.02 - 11:11
دواى حکومەت، پارتى وەڵامى یەکێتى دەداتەوە   ئەو زەمەنە تێپەڕى
ناس کورد- پارتى دیموکراتى کوردستان بەفەرمى وەڵامى نیگەرانییەکانى یەکێتى نیشتیمانى کوردستانى دایەوە و ئۆباڵى جێبەجێنەکردنى بەشێک لە ڕێککەوتنەکانى خستە ئەستۆى یەکێتى. . مەحمود محەمەد لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەنوسیدا ئاماژەى بەوەکرد، باسکردنى نیگەرانییەکان لەسەر ڕێککەوتنەکانى تایبەت بە پێکهێنانى حکومەت شوێنى ڕاگەیاندن نییە، پێویستى بە دانیشتە بۆ باسکردنیان و چارەسەرکردنیان. . وتیشى "ئێمە لەرێگەى ڕاگەیاندنەوە ئاگادارى گلەییەکان دەبین، بەڵام ئەوەى ڕوونە ئەوەیە ڕێککەوتنەکان لەسەر ئاستى پەرلەمان و حکومەت جێبەجێکراون، لەخوار ئەنجومەنى وەزیران هەندێک بەرکەوتەى لایەنەکان هەیە تا ئێستا پڕنەکراونەتەوە". . باسى لەوەشکرد، ئەوەى بووە هۆى ئەوەى بەرکەوتەکانى یەکێتى لەخوار وەزیرەکانەوە یەکلایینەکرێنەوە، خودى یەکێتییە، نەک پارتى ئەوەى بیەوێت، چونکە ئەو حزبە کاندیدەکانى پێشکەش نەکردووە. . "پێویستە گفتوگۆى پێویست بۆ چارەسەرکردنى کێشەکان لەکۆبوونەوەکانى هەردولادا بێت، باشتر بوایە کۆبونەوەکان بکرانایە نەک لەسەر داواى یەکێتى کە کۆبوونەوەکان ڕاگیراون". . مەحمود محەمەد جەختیکردەوە، شەراکەتى ڕاستەقینە ئەگەر مەبەست پەنجا بەپەنجایە، "ئێمە دەڵێین ئەو زەمەنە تێپەڕى، یەکێتیش ئەوەى قبوڵکردووە". . لەبارەى دۆخى کەرکوکەوە، وتەبێژى پارتى باسى لەوەکرد، لیژنەیەک پێکهاتووە و لەکارەکانیان بەردەوامن و هەندێک کێشەش هەیە. . وەڵامەکەى پارتى بۆ یەکێتى، دواى وەڵامەکەى حکومەتى هەرێم هات بۆ ئەو حزبە، کە بەهەمان شێوە جێبەجێنەکردنى ڕێککەوتنەکانى خستە ئەستۆى یەکێتى. . ئەو وەڵامانە دواى وتەکانى ڕۆژى پێنجشەممەى وتەبێژى یەکێتى دێت کە ڕایگەیاندبوو، حزبەکەى نیگەرانە لە جێبەجێنەکردنى بەشێکى ڕێککەوتنەکەى لەگەڵ پارتى.