گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ئەردۆغان هەڕەشەى نوێ لە شەڕڤانان دەکات یارییەکە دەگۆڕین

2019.10.30 - 14:54
ئەردۆغان هەڕەشەى نوێ لە شەڕڤانان دەکات  یارییەکە دەگۆڕین
ناس کورد – ئەردۆغان هەڕەشە لە شەڕڤانانى یەپەگە دەکات و ڕایدەگەیەنێت، ئەوانەى لەدەرەوەى ناوچەى ئارامن، هەمان چارەنوسى ئەوانەى دیکەیان دەبێت کە سوپاى تورکیا و گروپە هاوپەیمانەکانیان بە ئامانجیان گرتوون. . ئەمڕۆ چوارشەممە 30ی تشرینی یەکەمی 2019 ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆمارى تورکیا ڕایگەیاند، هەندێ کەس دەپرسن ئەو هێزانەى لە دەرەوەی 30 کیلۆمەترى ناوچەى ئارامەوەن چیان بەسەر دێت؟ "چی بەسەر ئەوانی تردا هاتبێت، ئەمانیش هەمان شتیان بەسەردا دێت". . وتیشى "ئەگەر پێویست بکات لەسەر مێز هەڵمەتێک دەکەین بۆ گۆڕینی یاریەکە و بەردەوام دەبین لە پێشڕەویەکانمان بەئاراستەی ئامانجەکانمان''. . ئەردۆغان ئاماژەى بەوەشکرد، ئەگەر بینیان یەپەگە نەکراونەتە دەرەوەی مەودای 30 کیلۆمەترییەکە یان لەهەرکوێیەکەوە هێرشەکان بەردەوام بوون، مافی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکەیان هەیەو بەردەوامە. . جەختیشیکردەوە "دەبێت ناوچە سنوریەکانى دیکەش لەباکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا بەتایبەت کۆبانى بکەونە ژێر دەستى تورکیا و پەنابەرە سورییەکان بگەڕێنرێنەوە بۆ ئەو ناوچانە". . ئەردۆغان ئەوەشى خستەڕوو "ناوچەیەکی زۆرمان بەدەستمان هێناوە لەباکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و ئێمە لە باکورى عێراق و سوریا پلانى دیکەمان هەیە و ئەوەش جێبەجێ دەکەین". . قسەکانى ئەردۆغان دواى ڕۆژێک دێت لە کشانەوەى یەپەگە لەناوچەى ئارام، بەپێی ڕێککەوتنى نێوان ڕوسیا و تورکیا، ئەمڕۆش پۆلیسى سەربازى ڕوسیا و سوپاى تورکیا گەڕانى هاوبەشیان لەسەر سنورى تورکیا و سوریا دەستپێکرد.