گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەرهەم ساڵح: نیگەرانم لە پاکتاوی نەژادی کوردەکان لە سوریا

2019.10.29 - 16:12
بەرهەم ساڵح: نیگەرانم لە پاکتاوی نەژادی کوردەکان لە سوریا
ناس کورد- لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ماڵپەڕێکی ئەمریکیدا بەرهەم ساڵح، باس لە مەترسییەکانی ھەنگاوە سیاسییەکانی ترەمپ و مەترسییەکانی شەڕ لە ناوچەکە دەکات، نیگەرانی خۆشی نیشانداوە دەربارەی پاکتاوی نەژادی کورد لە سوریا، هاوکات ئەو ماڵپەڕە ئاماژەی بەوەشکردووە، پێدەچێت ساڵح، پێداچوونەوە بە پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەمریکادا بکات. , لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ماڵپەڕی ئەکسیۆسی ئەمریکی بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق ڕایگەیاندووە: "ھاوپەیمانێتی لەگەڵ ئەمریکا گرنگە، دوای 16 ساڵ لە ئازادکردنی عێراق خوازیارین ئەو ھاوپەیمانێتییە لەنێوانماندا بمێنێتەوە، بەڵام ئیدارەی ترەمپ ئەو ھاوپەیمانێتییە ئاڵۆز دەکەن". , سەرۆککۆماری عێراق، نیگەرانی خۆشی نیشانداوە لە کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە سوریا و بەجێھێشتنی کوردانی ڕۆژئاوا، کە بەتەنھا پارێزگاری لە خۆیان بکەن، جگە لە ئاماژەکردن بە مەترسییەکانی گەڕانەوەی داعش بۆ ناوچەکە. , بەرهەم ساڵح جەختیشیکردووەتەوە: "نیگەرانم لە پاکتاوی نەژادی کوردەکان، بەداخەوە کە ئەمە بریتییە لە مێژووی تراژیدیای کورد، مرۆڤایەتی باجێکی قورس دەدات". , هاوکات دەربارەی ناکۆکییەکانی ئەمریکا و ئێران، سەرۆککۆماری عێراق ئاماژەی بەوەکردووە، نیگەرانە لە ھەڵگیرسانی شەڕ لەنێوان ئەمریکا و ئێران، جەختیشیکردووەتەوە: "لە ڕاستیدا نامانەوێت شەڕێکی دیکەی ئێران و عێراق لە ناوچەکەدا ڕوبدات، دەمانەوێت پەیوەندیمان لەگەل دراوسێکەمان باش بێت، لە ھەمانکاتدا ئەمریکا ھاوپەیمانێکی گرنگە لامان و دەمانەوێت ئەو ھاوپەیمانیەتییە بەردەوام بێت". , هەروەها بەرهەم ساڵح نیگەرانی خۆی نیشانداوە لە هەندێک بڕیاری دۆناڵد ترەمپ و ئاماژەی بەوەشکردووە: "لە جیھانێکی پێکەوەبەستراودا دەژین، ئەوەی لە عێراق ڕودەدات کاریگەری لەسەر ئاسایشی ئەمریکا ھەیە، بە پێچەوانەوە سیاسەتی ئەمریکاش کاریگەری لەسەر ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست ھەیە". , سەبارەت بە پەیوەندییەکانی ئەمریکا و عێراق، ئەو ماڵپەڕە ئاماژەی بەوەکردووە: "سەرۆککۆماری عێراق ھەمیشە وەک لایەنگرێکی ئەمریکا ناسراوە، ئێستا دڵنیا نییە لەوەی کە ئایا دەتوانێت جارێکی تر پشت بە ئەمریکا ببەستێت وەک ھاوپەیمانێک یاخود نا، هەر بۆیە پێدەچیت ئامادە بێت بۆ پێداچوونەوە بە پەیوەندیەکانی عێراق لەگەڵ وڵاتانی دیکە لە نێویاندا ئێران و ڕوسیا". , لەلایەکی دیکەوە بەرهەم ساڵح دەربارەی لەناوبردنی داعش ڕایگەیاندووە، لەناوبردنی داعش دەستکەوتێکی گەورەیە، بەڵام مەترسیەکان بە تەواوی لە ناونەچوون، بە تایبەت لە ئەگەری سەرھەڵدانی شەڕ لە نێوان ئەمریکا و ئێران دەبێتە کارەساتێکی گەورە. , ,