گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

ڕاستی بوونی حەب لە جۆرە کێکێکی تورکی و ڕونکرنەوەى وەزارەتى تەندروستی (تایبەت)

2019.10.29 - 11:18
ڕاستی بوونی حەب لە جۆرە کێکێکی تورکی و ڕونکرنەوەى وەزارەتى تەندروستی (تایبەت)
ناس کورد- چەند ڕۆژێکە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گرتە ڤیدیۆییەک بڵاوبووەتەوە کە تێیدا کەسێک بە زمانی کوردی (سۆرانی) قسە دەکات و بانگەشەی ئەوە دەکات کە جۆرە کێکێکی تورکی بەناوی (لۆپۆ)  جۆرە حەبێکی تێدایە بە ناوی "ئینستاتۆڵدید"، کەسەکە کێکەکەى بە دەستەوەیە و لەتی دەکات و دوو حەب دەردەهێنێت تێیدا و دەڵێت، "کێکەکە حەبی ئینستاتیک تێکراوە بۆ ئەوەی منداڵان توشی نەخۆشی بکات." . ناس کورد بەدواداچوونی بۆ گرتە ڤیدیۆییەکە و زانیارییەکان کرد، ڕەهێڵ فەرهاد، پزیشکی دەرمانساز بە ناس کوردی وت، "تائێستا هیچ جۆرە حەبێک نییە بە ناوی "ئینستاتۆڵدید"ەوە تۆمارکرابێت و لە هیچ فەرهەنگ و لیستێکدا نەمانبینیوە، لەگەڵ ئەوەشدا هیچ جۆرە حەبێکیش نییە مرۆڤ توشی ئیفلیجی بکات." . جیاواز لەوەش، لە گرتەکەدا ئەو کەسەش تەنها یەک کێک هەڵدەگرێت و تەماشای ئەوانی تر ناکات. . لەوبارەیەوە محەمەد قادر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی بە ناس کوردی ڕاگەیاند: "ئاگاداری بڵاوبوونەوەی ئەو گرتە ڤیدیۆیەین و بینیومانە و زۆر بە باشی دیارە کە ئەوە دروستکراوە و دوورە لە ڕاستییەوە". . وتیشی، هەر کۆمپانیایەک یاخود کارگەیەک، بیەوێت کارێکی لەوشێوەیە بکات، ناچێت حەبەکە بە ساغی بکاتە ناو کێکەکەوە، دەتوانێت وردی بکات، بەڵام نە بەوشێوەیە نە بە وەردکراویش هیچ شتێکی لەوشێوەیە بوونی نییە. https://www.youtube.com/watch?v=KkFndmck42E وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی دڵنیایی بە هاوڵاتیانیشدا کە هیچ ترسێکیان نەبێت لەو ڕووەوە و ئەگەر هەر گومانێکیان هەبێت لەسەر هەر جۆرە بەرهەمێک ئەوا بەدڵنیاییەوە بەدواداچوونی بۆ دەکەن. . جەختیشیکردەوە، ئەو ڤیدیۆیە بە مەبەست بۆ شکاندنی ئەو بەرهەمە کراوە، جا بۆ شکاندنی بەرهەمی تورکی و پشتگیری لە بایکۆتی کاڵای ئەو وڵاتە بێت کە ئێستا لە هەریم جێبەجێدەکرێت، یاخود هەر مەبەستێکی دیکە.