ناس کورد-
ماوەی دوو ڕۆژە خۆپیشاندانەکانی گۆڕەپانی تەحریر و شارەکانی دیکەی عێراق دووچاری دۆخێکی ئاڵۆزبووەتە، ژمارەی کوژارو و بریندارەکان بەردەوام لەهەڵکشاندایە، چالاکوانانی نێو خۆپیشاندانەکانیش بۆ چارەسەرکردنی ئەو دۆخە داوا لە بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراق دەکەن عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیران لە کار لاببات و حکومەتەکەی هەڵبوەشێنێتەوە.
.
محەمەد ساعدی، چالاکوانى مەدەنی هاوکات یەکێک لە بەشداربووانی خۆپیشاندانەکانی شاری بەغدا، بە ناس کوردی ڕاگەیاند:" لە ئێستادا خۆپیشاندەران داواکارییەکانیان قەتیس کردووە لە هەڵوەشاندنەوەی حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی ".
.
وتیشی :"خۆپیشاندەران داوا لە بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆمارى عێراق دەکەن بەوپێیەی کە پارێزەی دەستوورە بە ئەرکی خۆی هەڵبسێت و حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی هەڵبوەشێنێتەوە و هەر خۆشی دەسەڵاتەکانی وەربگرێت و بانگەواز بۆ هەڵبژاردنێکی گشتی پێشوەخت لە عێراق بکات".
.
ئەو چالاکوانە، روونیکردەوە، لە ئێستادا خۆپیشاندەران بەرهەم ساڵح ، بەکەسێکی شیاوی ناو حکومەت دادەنێن و بە خاوەن هەڵوێستى دەزانن.
.
لە دوێنێ (هەینى)یەوە خۆپیشاندان لە بەغدا و چەند پارێزگایەکى دیکەى عێراق دەستیپێکردەوە و بەگوێرەى دواین ئاماریش کە کۆمسیۆنى مافى مرۆڤ بڵاوى کردەوە لە خۆپیشاندانەکاندا 42 کەس کوژراوون و زیاتر لە 2500 کەسى دیکەش برینداربوون.
.