گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەى خۆپیشاندانەکان هۆشدارى دەداتە دەسەڵاتدارانى عێراق

2019.10.26 - 21:20
نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەى خۆپیشاندانەکان هۆشدارى دەداتە دەسەڵاتدارانى عێراق
ناس کورد- نوێنەری رێکخراوى نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە و داوای کرد کاتێکی دیاریکراو بۆ جێبەجێکردنی داواکاریی خۆپیشاندەران لەلایەن حکومەتەوە دەستنیشان بکرێت، نیگەرانی خۆشی نیشاندا، سەبارەت بەو گروپە چەکدارانەی کە بوونەتە هۆکاری تێکدانی سەقامگیری عێراق. . بەگوێرەی ڕاگەیاندراوێکی نوسینگەی سەرۆکى پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ (شەممە، 26ى تشرینی یەکەمی 2019) محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لەگەڵ هێنس بلاسخارت،  نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق کۆبووەتەوە، هەردوولا تاوتوێى پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی عێراقیان کردووە بە تایبەتی خۆپیشاندانەکان. . بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان داوای کردووە، حکومەتی عێراق کار بکات بۆ دیاریکردنی خشتەیەکى زەمەنى بۆ جێبەجێکردنی داواکاری خۆپیشاندەران  و ئەنجامدانی چاکسازییەکان لە کاتێکی دیاریکراودا. . ئاماژە بەوەشکراوە، نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان داوای کردووە،گەندەڵکاران بەزووترین کات ڕەوانەی دادگاکان بکرێن و گەندەڵیش لەوڵاتدا بنبڕ بکرێت. . نوێنەری رێکخراوى نەتەوە یەکگرتووەکان، هۆشداریشداوە، لە هەڵکشانی توندوتیژییەکان، جەختیشیکردوەتەوە کە دەبێت هێزە ئەمنییەکان بەوپەڕی وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ خۆپیشاندەراندا بکەن و ڕێگە نەدەن گروپە چەکدارەکان دزە بکەنە نێو خۆپیشاندەرانەوە بۆ ئەوەی خۆپیشاندانەکان بەلاڕێدا ببەن. . هاوکات نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان، داوای لە پەرلەمان کردووە، کاربکات بۆ جێبەجێکردنی مافە ڕەواکانی خەڵکی عێراق، جەختیشی کردووەتەوە، لە پاڵپشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافە ڕەواکانی هاووڵاتیانی عێراق. .