گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

چەند بڕیارێکى دەرکرد

عادل عەبدولمەهدی: نەوتى هەرێمی کوردستان دەخەینەوە ژێر دەسەڵاتی خۆمان

2019.10.25 - 08:31
عادل عەبدولمەهدی: نەوتى هەرێمی کوردستان دەخەینەوە ژێر دەسەڵاتی خۆمان
ناس کورد- سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، خۆپیشاندان مافی ڕەوای هەموو هاووڵاتیانی عێراقە و پێشێلکاریی بەرامبەریان قبوڵ ناکەن، لەگەڵ ئەوەشدا ڕێگەنادەن هێرشبکرێتە سەر دامەزراوەکانی دەوڵەت، هاوکات بەڵێنی چەندین چاکسازی بە خۆپیشاندەراندا و جەختیشیکردەوە "نەوتی هەرێم دەخەنە ژێر دەسەڵاتی خۆیانەوە". . درەنگانی شەوی ڕابردوو لە وتارێکدا، عادل عەبدولمەهدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند: "رێگە لە گەندەڵی دەگرین و بەرپرسان دەخەینە ژێر چاودێری و لە گۆڕانکارییە حکومییەکاندا رەچاوی لێهاتوویی دەکەین و رووبەڕووی  گەندەڵکاران دەبینەوە و پشتگیری لە دادگایکردنیان دەکەین، بۆ ئەو مەبەستەش دادگایەکی تایبەت دادەمەزرێنین". . وتیشی، هەفتەی داهاتوو گۆڕانکاری وزاری دەکەین دوور لە پشک پشکێنە و جەخت لەسەر توانا و سەربەخۆیی وەزیرەکان و ئامادەیی ژنان و گەنجان دەکەینەوە. . سەرۆک وەزیرانی عێراق روونیکردەوە"مووچەی پلەباڵاکان بۆ نیوە کەمدەکەینەوە، ئاستی مووچەکان لێک نزیکدەکەینەوە، لەرێگەی چەند پڕۆژەیەک هەلی کار دەڕەخسێنین و مووچەی 130 هەزار دیناریی بۆ هەر بێکارێک دەبڕینەوە". . هاوکات عادل عەبدولمەهدی ئاماژەی بەوەکرد، هەنگاوێکی دیکە کەمکردنەوەی مووچەی بەرپرسەکان و پلەباڵاکان و پەرلەمانتاران دەبێت کە بەرزترین ئاستی مووچەی نیوەی مووچەی ئێستا بێت، لە بەرامبەردا ئەو پارانەی کە دەبڕدرێن لەگەڵ بڕێکی دیکەی حکومەتدا سندوقی بیمەی کۆمەڵایەتی پێ دروستدەکەن و مووچەی 130 هەزاری بۆ بێکاران دەبڕنەوە. . لە بەشێکی ترى وتارەکەیدا، سەرۆک وەزیرانى عێراق دەربارەی نەوتی هەرێمی کوردستان، جەختیکردەوە، یاسای نەوت و گاز دەردەكەن و نەوتی هەرێمیش دەخەنە ژێر دەسەڵاتی سیاسەتی دەوڵەت. . ئاماژەشى بەوە کرد: " کار دەکەین بۆ ئەوەی تەمەنی یاسایی دەنگدان کەمبکرێتەوە، بۆ ئەوەی گەنجانێکی زۆرتر بتوانن لە هەڵبژاردن بەشداربن". . لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا عادل عەبدولمەهدی روونیکردەوە، پشتگیری لە بڕیارەکەی ئەنجوومەنی نوێنەران  دەکەن بۆ سڕکردنی کارەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان. . سەرۆک وەزیرانی عێراق دەربارەی ئەو حزبانەی گروپی چەکدارییان هەیە، ئاماژەی بەوەکرد،  گروپە چەکدارەکان نابێت حزبی سیاسییان هەبێت و دەبێت ئەو گروپە چەکدارییانەی لەماوەی رابردوو بەهەر هۆکارێک دروستبوون چەکەکانیان فڕێ بدەن و ببنە حزبی سیاسی و یان ببنە بەشێک لە هێزە ئەمنییەکان. .