گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

غازى عەجیل یاوه‌ر.. ئه‌و پیاوه‌ى بودجه‌ى عێراق ده‌دۆشێت

2019.10.24 - 17:09
غازى عەجیل یاوه‌ر.. ئه‌و پیاوه‌ى بودجه‌ى عێراق ده‌دۆشێت
  ناس کورد-   لەنێو ‌تۆڕە‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و له‌لایه‌ن چالاكوانانى عێراقه‌وه، وه‌كو ئاماژەكردن بۆ سته‌م و گه‌نده‌ڵى و ناعه‌داله‌تى لەم وڵاتە و وه‌ك ئاماده‌كارییه‌كیش بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى خۆپیشاندانه‌كان دۆسیەى ‌گه‌نده‌ڵیه‌كانى یه‌كه‌مین سه‌رۆك كۆمارى عێراق له‌دواى ڕوخانى ڕژێمى به‌عس هەڵدراوەتەوە. . غازى عەجیل یاوه‌ر كێیه‌ و چۆن كرایه‌ سه‌رۆك كۆمارى عێراق و دواى 14 ساڵ له‌خانه‌نشینى چه‌نده‌ موچه‌ى وه‌رگرتووه‌..؟. . غازى عەجیل یاوه‌ر ساڵى 1958 له‌ پارێزگاى نه‌ینه‌واى عێراق له‌دایك بووه‌، بنه‌ماڵه‌كه‌ى ده‌چێته‌وه‌ سه‌ر عه‌شیره‌تى شه‌مه‌ر و پێشتر له‌سعودیه‌ ژیاوون، دواى بڵاوبوونه‌وه‌ى برسێتى و ناكۆكى له‌و وڵاته‌دا له‌سه‌ده‌ى هه‌ڤده‌یه‌مه‌وه‌ ڕوو ده‌كه‌نه‌ عێراق. . یاوه‌ر له‌ماوه‌ى ته‌مه‌نیدا كه‌مترین كاتى ژیانى له‌عێراق به‌سه‌ر بردووه‌، به‌پێى سایتى وێكیپدیا بڕوانامه‌ى له‌ئه‌ندازیاریدا له‌ سعودیه‌ ساڵى 1986به‌ده‌ستهێناوه‌، به‌ڵام به‌گوێره‌ى ڕاپۆرتێكى ئیندیپه‌ندت-ى به‌ریتانى هه‌وڵیداوه‌ له‌ئه‌مریكا خوێندن ته‌واو بكات، به‌ڵام سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه‌، له‌سعودیه‌ش له‌كۆلیژى كۆمه‌ڵگه‌ سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه‌ و وازى هێناوه و‌ هیچ بڕوانامه‌یه‌كى به‌ده‌ستنه‌هێناوه‌ و له‌كۆمپانیایه‌كى خاڵى له‌سعودیه‌ ده‌ستى به‌كارى بارزگانى كردووه‌. . دواى ڕوخاندنى ڕژێمى به‌عسى سه‌دام حوسێن له‌عێراق و كۆتایهێنان به‌كاره‌كانى ئه‌نجومه‌نى حوكم له‌عێراق، له‌لایه‌ن پۆل برێمه‌رى حاكمى مه‌ده‌نى عێراقه‌وه‌، غازى عەجیل یاوه‌ر كرایه‌ سه‌رۆك كۆمارى عێراق و بۆ كه‌متر له‌ساڵێك له‌پۆسته‌كه‌یدا به‌رده‌وام بوو و ساڵى 2005 خانه‌نشین كرا و هه‌ر ده‌ستبه‌جێ دواى خانه‌نشینبوونى لەگەڵ نه‌سرین به‌روارى دواهه‌مین هاوسه‌رییه‌وه‌ عێراقیان به‌جێهیشت و تا ئێستاش له‌له‌نده‌ن ده‌ژین. . به‌گوێره‌ى میدیاكانى عێراق له‌دواى خانه‌نشینبوونى له‌ساڵى 2005 ەوە تا ساڵى 2016 و چاكسازیكردن له‌هه‌ندێ موچه‌ى پله‌ تایبه‌ت و سیادیه‌كانى عێراقدا، غازى عەجیل یاوه‌ر مانگانه‌ (61 ) ملیۆن مووچه‌ و ده‌رماڵە‌ى بووه‌ و له‌مانگى شوباتى ئه‌مساڵیشدا له‌ڕێگه‌ى پارێزه‌ره‌كه‌یه‌وه‌ داواى كردووه‌ پێداچوونه‌وه‌ به‌بڕیارى كه‌مكردنه‌وه‌ى موچه‌كەیدا بكرێت. [caption id="attachment_147407" align="alignnone" width="570"] .[/caption] بەگوێرەى به‌دواداچونێكى ناس كورد بۆ كۆى ئه‌و موچه‌یه‌ى ناوبراو وه‌ریگرتووه‌ له‌عێراقدا له‌ماوه‌ى 14 ساڵى دواى خانه‌نشینى و به‌هه‌ژماركردنى مانگانه‌ى( 61) ملیۆن مانگانه‌ى موچه‌كه‌ى، یاوەر ساڵانه‌ (731) ملیۆن دینارى وەرگرتووە و لەساڵى 2015 ەوە‌ تا وه‌كو ئێستاش واتا له‌ماوه‌ى (14) ساڵى خانه‌نشیندا كۆى ئه‌و مووچه‌یه‌ى كه‌ وه‌ریگرتووه‌ ده‌كاته‌ ( 10) ملیار دینار و 248 ملیۆن دینار. . به‌گوێره‌ى زانیارى میدیا عێراقیه‌كان، له‌ماوه‌ى ته‌مه‌نیدا 10 ساڵ له‌عێراقدا نه‌ژیاوه‌ و بۆ ماوه‌ى 25 ساڵ له‌ئه‌مریكا بووه‌ و هیچ كاتێك نه ‌سه‌رۆك عه‌شیره‌ت بووه‌ له‌عێراق و پێش گه‌ڕانه‌وه‌شى بۆ عێراق هیچ سه‌رۆك عه‌شیره‌ت و پیاوێكى ئاینیشى نه‌ناسیوه‌ و ته‌نها له‌سه‌ر خواستى سعودیه‌ و فشارى بۆ سه‌ر ئه‌مریكیه‌كان كرایه‌ سه‌رۆك كۆمار. . هه‌ر بەگوێرەى زانیاریه‌كانى ئیندیپه‌ندتى به‌ریتانى كه‌ پێشتر ڕاپۆرتێكى له‌سه‌ر ژیانى بڵاوكرده‌وه‌، له‌ژیانیدا هیچ به‌رپرسیارێتییه‌كى كۆمه‌ڵایه‌تى و سیاسى و عه‌شایه‌رى نه‌گرتووه‌ته‌ ئه‌ستۆ و ته‌نها هه‌ڵگرى بڕوانامه‌ى ئاماده‌ییه‌ و ئێستا شاهانه‌ له‌گه‌ڵ دواهه‌مین هاوسه‌ریدا له‌شارى له‌نده‌نى به‌ریتانیا ده‌ژی. . له‌گه‌ڵ ده‌نگۆى سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى خۆپیشاندانه‌كانى عێراق، چالاكوانانى مه‌ده‌نى و ناڕازییه‌كانى به‌غدا له‌تۆڕە‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كانه‌وه‌ ئاماژه‌ بۆ موچه‌ و داهات و ژیانى خۆشى عەجیل یاوه‌ر ده‌كه‌ن و به‌سیمبولى مژینى خوێن و داهاتى عێراقیه‌كان ناوى ده‌به‌ن. .