گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

بەرواردى ڕێککەوتنەکانى تورکیا لەگەڵ ئەمریکا و ڕوسیا

ڕۆژئاواى کوردستان لەبەرداشى دوو ڕێککەوتندا

2019.10.22 - 23:05
ڕۆژئاواى کوردستان لەبەرداشى دوو ڕێککەوتندا
ناس کورد –   چەند کاتژمێرێکى کەم پێش کۆتایی هاتنى ئاگربەستەکەى نێوان تورکیا و هەسەدە بەپێی ڕێککەوتنەکەى نێوان ئەنقەرە و واشنتن، ڕوسیا و تورکیا ڕێککەوتنێکیان لەسەر ڕەوشى سوریا و ڕۆژئاواى کوردستان ڕاگەیاند. . ڕێککەوتنەکە دواى شەش کاتژمێر کۆبوونەوەى نێوان رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆمارى تورکیا و ڤلادیمێر پۆتن سەرۆکى ڕوسیا لە شاری سۆچی ڕاگەیەنرا، لەکاتێکدا هێشتا رێککەوتنەکەى ئەنقەرە لەگەڵ واشنتۆن کۆتایی نەهاتووە. ڤلادیمێر پۆتن، سەرۆکی ڕوسیا ڕایگەیاند "لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ئۆپەراسیۆنی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریامان تاوتوێکرد و پێکەوە ڕێککەوتین لەسەر دۆخی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا". . وتیشى "کورد بەشیکن لە سوریا و نابێت لە دەستوری سوریادا پشتگوی بخرێن و دەبێت گرنگیان پێبدرێت". . لاى خۆیەوە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕایگەیاند "بابەتی سەرەکی کۆبونەوەکەمان دۆخی سوریا و ئۆپراسیۆنەکەمان بو لەڕۆژهەڵات و باکور سوریا بوو، دواتر باسی پەیوەندی ئابوری و بازرگانی و تەکنەلۆجی سەربازییەکانمان کرد". . وتیشی "هەردوولامان لەسەر دۆخی سوریا ڕێککەوتین هەر لە ئیدلبەوە تاوەکو باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و پێکەوە هەوڵ بۆ سەقامگیرکردنی ئاشتی لە سوریا دەدەین". دوای کۆبونەوەکەی ئەو دوو سەرۆکەش، وەزیرانی دەرەوەی ڕوسیا و تورکیا رێککەوتنەکەی نێوان ڕوسیا و تورکیایان دەربارەی چارەسەری کێشەی سنوری سوریا خستەڕوو، باسیان لەوە کرد، ڕوسیا و تورکیا لە خاکی سوریادا ڕێگا بە هیچ پڕۆژەیەکی جیابونەوە و دابەشکاری نادەن. . بڕیارە ڕێککەوتنەکەى نێوان ڕوسیا و تورکیا لە پاش نیوەرۆى سبەینێوە بکەوێتە بوارى جیبەجێکردنەوە، سوپای ڕوسیا لە سەرجەم سنورەکانی ناوچەی ئارام جگە لە قامیشلۆ، گەڕانی سەربازی بەهاوبەشی لەگەڵ سوپای تورکیا ئەنجام بدەن. . سێرگى لاڤرۆڤ، وەزیرى دەرەوەى ڕوسیا وتى "هێزە کوردییەکان جگە لە قامیشلۆ لەناوچەکانى دیە دەکشێنەوە و سوپاى ڕوسیاش بۆ کارئاسانى کشانەوەکە بڵاوەى پێدەکرێت". . بە گوێرەی رێکەوتنی نێوان هەردوو وڵات، دەبێت هێزە کوردییەکان لەماوەی 150 کاتژمێردا 30 کیلۆمەتر لە ناوچەکە دور بکەونەوە. لەدوای تەواوبونی 150 کاتژمێرەکە سوپای تورکیا و روسیا پێکەوە دەورییە بە قوڵایی 10 کیلۆمەتر لەسەر سنوری تورکیا ئەنجامدەدەن. . ئەمە دووەم ڕێککەوتنى تورکیایە لەبارەى بارودۆخى سوریاوە لەگەڵ دوو وڵاتى زلهێزى وەکو ڕوسیا و ئەمریکا، لەماوەى کەمتر لە هەفتەیەکدا، لەدواى ئەو ناڕەزاییە نێودەوڵەتییەى لەبارەى لەشکرکێشییەکەیەوە بۆ سەر ڕۆژئاواى کوردستان دروستبووە. . هەردوو ڕێککەوتنەکە لەچەند ڕوویەکەوە هاوبەش و لەچەند ڕوویەکى دیکەوە جیاوازن، لەوەدا هاوبەشن کە هەسەدە لە ناوچەى ئارام بکشێتەوە. . بەپێی ڕێککەوتنەکەى واشنتن و تورکیا، نەدەبوو تورکیا بچێتە کۆبانێ و منبج و قامیشلۆ، بەڵام لەڕێککەوتنەکەى نێوان ئەنقەرە و مۆسکۆ تەنیا قامیشلۆ هێڵراوەتەوە کە هەسەدەى تێدا بمێنێتەوە. . تا ئێستا ئەمریکا هەڵوێستى خۆى لەبارەى ڕێککەوتنەکەوە ڕانەگەیاندووە و دیارنییە ڕەتیدەکاتەوە یاخود پشتیوانى دەکات. . پێش راگەیاندنى ڕێککەوتنەکە بەرپرسێکى ئەمریکا بە ئاژانسى ڕۆیتەرزى ڕاگەیاندبوو، چاوەڕوانى ئەنجامى کۆبوونەوەى نێوان ئەردۆغان و پۆتن دەکەن، بۆ ئەوەى بزانن تورکیا چ هەنگاوێک دەنێت لە داهاتوودا. . جگە لە ئەمریکا، تا ئێستا هێزەکانى سوریاى دیموکرات و ئیدارەى خۆبەڕێوەبەرى باکور و ڕۆژهەڵاتى سوریاش هەڵوێستى خۆیان ڕانەگەیاندووە، لەکاتێکدا پێشتر بەشێکى  ڕێککەوتنەکەى ئەنقەرە و واشنتنیان قبوڵکرد، بۆ دروستکردنى "ناوچەى ئارام و ڕاگەیاندنى ئاگربەست"، هەر لەو چوارچێوەیەشدا ئەمڕۆ لە "ناوچەى ئارام" کشانەوە. . کەمال عاکف وتەبێژ بەناوى پەیوەندییەکانى دەرەوەى ئیدارەى خۆبەڕێوەبەرى باکور و ڕۆژهەڵاتى سوریا بە ئاژانسى هاوار نیوزى ڕاگەیاندووە "بەدواداچوون دەکەین بۆ ڕێککەوتنەکەى نێوان تورکیا و ڕوسیا و هەڵیدەسەنگێنین، دواتر هەڵوێستى خۆمان لەو بارەیەوە ڕادەگەیەنین".