گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

سەفین دزەیی: نزیک بووین لە ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا بەڵام ئەولەویەتى حکومەتى عێراق گۆڕا

2019.10.22 - 11:54
سەفین دزەیی: نزیک بووین لە ڕێککەوتن لەگەڵ بەغدا بەڵام ئەولەویەتى حکومەتى عێراق گۆڕا
ناس کورد-   بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم ڕایگەیاند، لە ماوەی ڕابردوودا هەرێم و بەغدا نزیکبوون لە ڕێککەوتن، بەڵام بەهۆی خۆپیشاندانەکانی عێراقەوە دۆخەکە گۆڕاوە و ئەولەویەتی کارەکانی حکومەتی عێراق گۆڕانى بەسەردا هاتووە. . سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێم، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا، ئاماژەى بەوە کرد :"گفتوگۆکانی ڕابردووی هەرێم و بەغدا نزیکبوو لە خاڵی کۆتایی و گەیشتن بە ڕێککەوتن، بەڵام دروستبوونی خۆپیشاندانەکانی چەند هەفتەی ڕابردووی عێراق دۆخەکەی گۆڕی و ئێستا ئەولەویەتی کارەکانی حکومەتی عێراق گۆڕاوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی خۆپیشاندەران". . دزەیی وتیشی، حکومەتی هەرێم ئامادەیە بۆ ڕێککەوتنێک کە لە بەرژەوەندی هەموو لایەنەکانی عێراق بێت و لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە بەرژەوەندی هەرێمیش ڕەچاو بکرێت، بەڵام تائێستا دیار نییە کەی گفتوگۆکان دەستپێدەکەنەوە. . بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەنییەکانی دەرەوەی هەرێم دەربارەی دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان ئەوەی خستەڕوو: "ئەو کارەساتەی بەسەر خەڵکی ڕۆژئاوادا دێت، جێی نیگەرانی هەموومانە، لەگەڵ ئەو بارگرانییەشی لەسەر شانی حکومەتی هەرێمە، بەڵام هەوڵمانداوە بە باشترین شێوە پێشوازی لەو ئاوارانە بکەین کە دێنە هەرێم و تائێستا پێنج هەزار ئاوارە هاتوون". . هاوکات دەربارەی دۆخی تەندروستى محەمەد، ئەو منداڵەی بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە جەستەی سوتاوە و لەئێستادا لە هەرێمە، دزەیی ئاماژەی بەوەکرد، تائێستا نازانن بە دیاریکراوی بە چ چەکێک وای لێهاتووە، پێویستە پزیشکی پسپۆڕ لێکۆڵینەوە لەوە بکات. . روونیشیکردەوە، مەسعود بارزانی، سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان خۆی گرنگی بەو پرسە داوە و بەڵێنی داوە هەر جۆرە چارەسەرێک لە ناوخۆ بێت یان لە دەرەوەی هەرێم بیگرێتە ئەستۆی خۆی و بۆی ئەنجام بدات. .