گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

کوردی ڕۆژئاوا هیچ مەرجێکى نەماوە هەموو لایەنەکان مەرجی بەسەردا دەسەپێنن

ئەو کارتانە چین کە بە دەست کوردەوەن لە ڕۆژئاوای کوردستان؟

2019.10.21 - 18:45
ئەو کارتانە چین کە بە دەست کوردەوەن لە ڕۆژئاوای کوردستان؟
ناس کورد- هۆرڤان ڕەفعەت هێزەکانی ئەمریکا لە سەرجەم شارە کوردییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان کشانەوە، تورکیاش دەیەوێت سنوری ڕۆژئاوا و باشوری کوردستان بە تەواوەتی لە یەکتر دابڕێت، شارەزایەکیش لە کاروباری سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان دەڵێت: "تا ئێستاش ڕێککەوتنەکەی نێوان تورکیا و ئەمریکا لەسەر ناوچەی ئارام ڕون نییە". , بڕیارە سبەى شەو 22 لەسەر 23ى تشرینی یەکەمی 2019، ئەو 120 کاتژمێرە کۆتایی بێت کە ئەمریکا و تورکیا لەسەرى ڕیککەوتبوون بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست، ئەوەش لەکاتێکدایە بەهۆى ئەو ڕێککەوتنەشەوە شەڕڤانان بەتەواوەتی لە سەرێکانی کشانەوە. , ئەوەى جێی سەرنجە، ڕێککەوتنەکەى نێوان ئەمریکا و تورکیا لەلایەن کوردەوە بەجۆرێک باسیلێوەدەکرێت و لەلایەن تورکیاشەوە جۆرێکى تر، ترەمپیش بە دەستکەوت ناوى دەبات، داود چیچەک، شارەزا لە کاروباری سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان بە ناس کوردی وت: "تا ئێستا تەنانەت بەرپرسانی کورد و هەسەدەش لە ڕۆژئاوای کوردستان هیچ بەرچاوڕونییەکیان نییە، کە ئایا تورکیا تەنها بە کشانەوەی شەڕڤانان لە گرێ سپی و سەرێکانی ڕازی دەبێت؟، یاخود نا". , چیچەک ئاماژەی بەوەشکرد: "ڕێککەوتنەکەی نێوان تورکیا و ئەمریکا لەسەر ناوچەی ئارام ڕون نییە، نازاندرێت بەتەواوەتی چی تێدایە و چۆنە، بەڵام ئەو خاڵانەی کە بڵاوکراونەتەوە ئەگەر ڕێک بەو جۆرە بێت، ئەوا بە دڵنیاییەوە سەرجەم خاڵەکان لە دژی بەرژوەندییەکانی کوردن، لە بەرژەوەندی تورکیان". , "من وا پێشبینی دەکەم، سەرکردایەتیی هەسەدە و کورد لە ڕۆژئاوا، زانیارییەکی زیاتریان هەبێت دەربارەی ئەو ڕێککەوتنە و لەلایەن ئەمریکاوە شتێکی دیکەیان پێوترابێت، چونکە ئەوان لە سەرێکانی وەک نیازپاکییەک بەرامبەر ئەمریکا کشانەوە، دەبێت چاوەڕێی کۆبوونەوەکەی ئەردۆگان و پۆتن بکەین کە بزانین چی دەبێت و ئەنجامی چی دەبێت، بەڵام هەرچۆنێک بێت ڕوسیا پێی خۆشە کە ئەو ناوچانە لەژێر دەسەڵاتی حکومەتی سوریا بن"، دواد چیچەک کە هاوکات خەڵکى ڕۆژئاواى کوردستانە واى وت. , ئەو شارەزایەی کاروبارەی ڕۆژئاوای کوردستان باسی لەوەشکرد: "لە ئێستادا ئەمریکا لە سەرجەم ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان کشاوەتەوە، تەنها لەو ناوچانە ماوەتەوە کە نەوتی لێیە، ڕاشیگەیاندووە پارێزگاری لەو کێڵگە نەوتییانە دەکات بۆ ئەوەی خەرجییەکانی خۆی و ئەو هێزەی لێ بدات کە لەپلانیدایە دایبنێت بۆ پارێزگاریکردن لە پاراستنی ناوچەی ئارام". , بەپێی ڕای ئەو شارەزایە: "لەئێستادا کوردەکانی ڕۆژئاوا هیچ کارتێکیان بەدەستەوە نەماوە، تەنانەت کارتی بەکارهێنانی زینداییەکانی داعشیش بەو بەهێزییەی نەماوەتەوە و ناتوانێت تورکیا ڕابگرێت، بەهۆی بێ هەڵوێستی وڵاتانی ڕۆژئاواوە، هەروەها لە ئێستادا کوردەکان هیچ مەرجێکیان نەماوە، بەڵکو هەر ئەمریکا و سوریا و ڕوسیا و تورکیاش مەرج بەسەر کورد دەسەپێنن". , لە دوایین لێدوانیشیدا مەزڵوم کۆبانی فەرماندەی گشتی هەسەدە وتی: "پێویستە گەلەکەمان لەهەموو جیهانەوە متمانەیان بەهێز و توانا و ئیرادەی شەڕڤانان هەبێت". , لەلایەکى دیکەشەوە ئەمڕۆ دووشەممە، ڕێدور خەلیل، بەرپرسى پەیوەندییە گشتییەکانى هێزەکانى سوریاى دیموکرات بە ئاژانسی هاوارنیوزی ڕاگەیاندووە: "هێزەکانمان لەنێوان گرێ سپى و سەرێکانى کشاندووەتەوە و سەرجەم شەڕڤانەکانمان ئەو ناوچانەیان چۆڵکردووە بەپێى ڕێککەوتنى ئاگربەست، ئەو ئەرکەى کە لەسەر شانى ئێمە بو وەک هەسەدە بەپێى ڕێککەوتننامەى ئاگربەست، جێبەجێمان کردووە". , پێشتریش مەزڵوم کۆبانی ئاماژەى بەوەکردبو: "ڕێککەوتنى نێوان تورکیا و ئەمریکا بۆ دروستکردنى ناوچەى ئارام، تەنها ئەو ناوچەیە دەگەرێتەوە کە دەکەوێتە نێوان سەرێکانى و گرێ سپى". , بەڵام تورکیا داوا دەکات، سەرجەم ئەو سنورانەی باکور و باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا کە بە تورکیا و عێراقەوە دەبەستێتەوە، بکاتە ناوچەی بەربەست و جیاکەرەوە لەنێوان ڕۆژئاوا و باشوری کوردستان، کە ناوچەکە درێژاییەکەی 440 کیلۆمەتر و قوڵییەکەی 32 کیلۆمەتر دەبێت، داواشى کردووە، شەڕڤانان لەو ناوچانە بچنە دەرەوە کە لە کۆبانێوە درێژ دەبێتەوە بۆ دێرک لە سنورى هەرێمى کوردستان، لەژێر ناوی ناوچەی ئارامدا. , تا ئێستاش ڕون نییە، ئایا تورکیا تەنها بە چۆڵکردنى ئەو ناوچەیە ڕازى دەبێت لە لایەن هەسەدەوە کە تا ئێستا چۆڵی کردووە؟، یان نا. ,