گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

لیژنەکەى پەرلەمان بۆ لێکۆڵینەوە لە کەیسى گیان لەدەستدانى ئامانج بابانى و خێزانەکەى ئەمڕۆ دەستبەکاردەبێت

2019.10.21 - 14:35
لیژنەکەى پەرلەمان بۆ لێکۆڵینەوە لە کەیسى گیان لەدەستدانى ئامانج بابانى و خێزانەکەى ئەمڕۆ دەستبەکاردەبێت
ناس کورد-   پەرلەمانی کوردستان لیژنەیەکی تایبەتى پێکهێنا بۆ لێکۆڵینەوە لە کەیسی گیانی لەدەستدانی ئامانج بابانی و لانە محەمەد و منداڵەکەیان، لە یەکەم هەنگاویشدا لیژنەکە سەردانی خێزانی هەردوولا دەکات. . شەوى 16 لەسەر 17ى ئەم مانگە، ئامانج بابانى و لانە محەمەد و منداڵەکەیان لەناو ئۆتۆمبیلەکەیاندا لە سلێمانى گیانیان لەدەستدا و پۆلیس رووداوەکەى بە "خۆکوژى" ناوبرد، لە ئێستاشدا پەرلەمان لیژنەیەکى لەو بارەیەوە پێکهێناوە. . ڕۆمیۆ هەکارى، سەرۆکی لیژنەی کاروباری کۆمەڵایەتی و داكۆكیكردن له‌ مافی ئافره‌ت و مافی مرۆڤ، بە ناس کوردی ڕاگەیاند "لە نێو لیژنەکەماندا لیژنەیەکی تایبەتمان پێکهێناوە بۆ بەدواداچوونی زیاتر بۆ ئەو ڕووداوە و لە نزیکەوە ئاگاداربوون لەو پرسە". . وتیشی "ئەو لیژنەیە هەر ئەمڕۆ دەست بە کارەکانیان دەکەن و لە یەکەم هەنگاودا ئێوارەی ئەمڕۆ دێنە سلێمانی و سەردانی خێزانی هەردوولا دەکەن، بۆ ئەوەی سەرەتا قسەى ئەوان لەبارەی کەیسەکەوە وەربگرن". . ڕۆمیۆ هەکارى ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو لیژنەیە سەردانی پۆلیس و ئاسایش و دەزگا ئەمنییەکانیش دەکات و لەگەڵیاندا دەبێت لە لێکۆڵینەوەکاندا و لە نزیکەوە چاودێری لێکۆڵینەوەکان دەکەن تا کۆتایی و گەیشتن بە دەرئەنجامێکی تەواو.