گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

مەزڵوم کۆبانێ: تورکیا ڕێگری لە چوونە دەرەوەی هێزەکانی هەسەدە دەکات لە سەرێکانی

2019.10.19 - 18:39
مەزڵوم کۆبانێ: تورکیا ڕێگری لە چوونە دەرەوەی هێزەکانی هەسەدە دەکات لە سەرێکانی
ناس کورد-   مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتى هێزەکانى سوریاى دیموکرات (هەسەدە)، ڕایگەیاند "تورکیا ڕێگری لە چوونە دەرەوەی هێزەکانی هەسەدە دەکات لە سەرێکانی". . هەرچەندە بەگوێرەی ڕێککەوتنی نێوان ئەمریکا و تورکیا، بڕیار بوو بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ شەڕ لە ڕۆژئاوای کوردستان ڕابگیرێت و لەو ماوەیەدا هەسەدە هێزەکانی لە ناوچە سنورییەکان بکشێنێتەوە، بەڵام بەگوێرەى راگەیەندراوەکانى هەسەدە تائێستا تورکیا پابەند نەبووە بە ئاگربەستەکەوە و لەبەرامبەریشدا تورکیا هەسەدە تۆمەتبار دەکات کە تائێستا نەکشاونەتەوە لەو ناوچانە. . مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی (هەسەدە) ڕازیبوونی خۆیانی بە ئاگربەستەکەوە ڕاگەیاندووە و لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی فرانس پرێس ئاماژەى بەوە کردووە  "تورکیا ڕێگریمان لێدەکات کە هێزەکانمان لە سەرێکانی بکشێنینەوە". . مەزڵوم عەبدی، روونیکردۆتەوە :"ئەگەر ئەو دۆخە بەردەوام بێت و تورکیا پابەندی ئاگربەست و رێککەوتنەکە نەبێت، ئەوا گومان دەکەین ڕێککەوتنەکە تەنها یارییەک بێت لەنێوان ئەمریکا و تورکیادا". . فەرماندی گشتی (هەسەدە) جەختیشیکردەوە، ئەوان دەیانەوێت هێزەکانی ئەمریکاش لە ناوچەکە بمێننەوە و هەموو شتێک نەکەوێتە ژێر دەستی ڕوسیا، چونکە مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا هاوسەنگی هێز لە ناوچەکە دروست دەکات.   . ڕۆژی پێنجشەممە 17ی تشرینی یەکەمی 2019 ئەمریکا و تورکیا ڕێککەوتنێکیان لەبارەی ناوچە سنورییەکانی نێوان تورکیا و سوریا و دروستکردنی ناوچەی ئارام ئەنجامدا و بەگوێرەى رێککەوتنەکە، بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ ئاگربەست ڕاگەیەندرا و پێویستە لەو پێنج ڕۆژەدا (هەسەدە) بە قوڵایی 32 کیلۆمەتر لە ناوچە سنورییەکان بکشێتەوە و تورکیا ناوچەی ئارام دروست بکات. .