گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

سەرۆکی لیستی هاوپەیمانی کوردستانی بۆ ناس کورد: بەشێک لەلایەنەکانى هاوپەیمانێتییەکە کاندیدیان نابێت بۆ هەڵبژاردن

2019.10.19 - 10:33
سەرۆکی لیستی هاوپەیمانی کوردستانی بۆ ناس کورد: بەشێک لەلایەنەکانى هاوپەیمانێتییەکە کاندیدیان نابێت بۆ هەڵبژاردن
ناس کورد –   سەرۆکی لیستی هاوپەیمانی کوردستانى بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکان ئاشکرایدەکات، بەشێک لە لایەنەکانی نێو هاوپەیمانێتییەکەیان کاندیدیان نابێت بۆ هەڵبژاردن. . ئەمڕۆ، شەممە، 19ی تشرینی یەکەمی 2019، عەبدولرەحمان مستەفا، سەرۆکی لیستی هاوپەیمانی کوردستانی بە ناس کوردی ڕاگەیاند "بڕیارە لەم هەفتەیەدا کۆبونەوەیەکی دیکە و گرنگ لەسەر ئاستی باڵا لەنێوان سەرجەم لایەنەکانی پێکهێنەری هاوپەیمانی کوردستانی لە کەرکوک ئەنجام بدرێت و لەو کۆبونەوەیەدا چەندین بڕیاری گرنگ بدرێت". . وتیشى "تا ئێستا دروشم و لۆگۆی لیستەکە یەکلایی نەکراوەتەوە، بەڵام لەم کۆبونەیەدا سەرجەم ئەو بابەتانە ڕێککەوتنی لەسەر دەکرێت و جێگیر دەکرێت". . سەرۆکی لیستی هاوپەیمانی ئاشکرایکرد "هەموو حزبە سیاسییەکان ناتوانن بەشداربن بە دانانی کاندید لە لیستەکەدا، چونکە 26 لایەن بە هاوبەشی ئەو لیستەیان پێکهێناوە و ناکرێت هەموان کاندیان هەبێت، لە کۆبونەوەی داهاتوشدا بە تەواوەتی دیاریدەکەین کە چ لایەنێک کاندیدی لە چ پارێزگایەک نابێت". . باسی لەوەشکرد، لەدوای ئەو کۆبونەوەیە، دەچنە کۆمسیۆن و ناوی هاوپەیمانێتییەکەیان تۆماردەکەن. . لیستی هاوپەیمانی کوردستانی لە 26 حزب و لایەنی سیاسی پێکهاتووە و مانگى ڕابردوو پێکهێنرا، بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنى ئەنجومەنى پارێزگاکانى عێراق، لەپارێزگاکانی کەرکوک و موسڵ و سەڵاحەدین و دیالە.