گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بنەماڵەی لانە محەمەد: کەیسی کچەکەمان شێوێنراوە

2019.10.18 - 21:20
بنەماڵەی لانە محەمەد: کەیسی کچەکەمان شێوێنراوە
ناس کورد – بنه‌ماڵه‌ی لانه‌ محه‌مه‌د هاوسەرى رۆژنامەنووس ئامانج بابانى، کەناڵیکی میدیایی بەچەواشەکردنی کەیسی کوژرانی کچەکەیان تۆمەتبار دەکەن و دەڵین "کەیسی کوژرانی کچەکەیان شێوێندراوە". . ئەمڕۆ (هەینی، 18ی تشرینی یەکەمی 2019)،  بنه‌ماڵه‌ی لانه‌ محه‌مه‌د، هاوسه‌ری ئامانج بابانی، کە شەوی چوارشەممە لەڕوداوێکدا لە بەردەم تێرمیناڵی سلێمانی لەگەڵ منداڵەکەیان کوژران، ڕاگەیەندراوێکیان بڵاوکردووەتەوە و سوپاسی ئه‌وانه‌ ده‌که‌ن هاوسۆز بوونه‌ له‌گه‌ڵیان و بە بەرپرسیاریەتی بەرزی خۆیان لە ئازاری ئه‌وانیان کەمکردەوە و سوپاسی تایبه‌تی دامودەزگا ئەمنییەکانیش ده‌که‌ن کە رۆڵی پیشەییانەیان بینی و بێلایەنانە لەگەڵ کەیسەکە مامەڵەیان کرد. . بنەماڵەی لانە محەمەد لە راگەیەندراوەکەدا روونیدەکەنەوە :"کێشەی کچە نازدارەکەمان کێشەیەکی خێزانی بووە، نەک کێشەی سیاسی و پەیوەندیدار بە ئازادی رۆژنامەوانییەوە، وەک ئەوەی کەناڵی (ئێن ئاڕ تی) بەردەوامە لەسەر چەواشەکردنی ڕای گشتی و دەیەوێت‌ لەسەر حسابی ژان و ئازاری ئێمە "وەبەرهێنانێکی پۆخڵ" لەم کەیسەدا بکات، کە ئەمە جگە لەوەی بەقوڵی ئێمە بریندار دەکات لەهەمانکاتدا دژی بەهای بەرگریکردنە لە راستی و ئازادی و دادپەروەریش". . ئەو بنەماڵەیە ئاماژە بەوە دەکەن، بڕیاری جیابوونه‌وه‌ی لانه‌ له‌ هاوسه‌ره‌که‌ی، به‌ ڕاوێژکردن بووه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی خێزانه‌که‌ی و له‌لایه‌ن دوو پارێزه‌ره‌وه‌ به‌ره‌و یه‌کلابوونه‌وه‌ ده‌ڕۆیشت، ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ روو، که‌ ساڵانێکه‌ لانه‌ ژیانێکی نەخوازراوی خێزانی بەڕێدەکرد. . له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌که‌دا ئەوەش هاتوە :"له‌ دوو رۆژی رابردوودا هه‌وڵیان داوه‌، چه‌واشه‌کارییه‌کان رابگیرێن له‌ باره‌ی که‌یسه‌که‌ و "که‌ناڵی ئێن ئاڕ تی" هه‌ڵوێسته‌یه‌کی کردبا کاتێک بینرا له‌ پزیشکی دادی "تەرمی جوانەمەرگ و مناڵەکەمان بەجیا وەرگرتەوە، لە گۆڕستانێکی جیاواز ناشتمانن و پرسەیەکی جیاوازمان بۆ دانان". . راگەیەندراوەکە ئاماژە بەوەش دەکات :"بەداخەوە ئێمە لەمکاتەدا کە هەر تەنیا باری کۆستی کچە بەناحەق کوژراو و منداڵەکەیمان بۆ هەڵدەگیرێت، ناچار کراین ئەم رونکردنەوەیە بنوسین و دەرگای بوختان و چەواشەکاری کڵۆم بدەین"، "لەکۆتایدا هیوادارین ئەو کارەساتە بەسەر هیچ خێزانێکدا نەیەت و هیچ هاونیشتمانییەکی کوردستان مەرگی ئازیزانی خۆیان نەبینن". . ئێواره‌ی 16ی تشرینى یەکەمى 2019، ئامانج بابانی و لانه‌ محه‌مه‌د و منداڵەکەیان بەناوی هانۆ، له‌ناو ئۆتۆمبێلێک له‌ نزیک تێرمیناڵی سلێمانی لەڕوداوێکدا کوژران، به‌ گوێره‌ی لێکۆڵینه‌وه‌کانی پۆلیس، ئامانج هاوسه‌ر و منداڵه‌که‌یان کوشتووه‌ و دواتریش کۆتایی به‌ ژیانی خۆی هێناوه و هەتا ئێستاش بەرپرسانى کەناڵى ئێن ئاڕتى و بنەماڵەى ئامانج بابانى ئەو ئەنجامەى لایەنە بەرپرسەکان بە کۆتایى وەرناگرن و داواى بەدواداچوون و لێکۆڵینەوەى زیاتر لە رووداوەکە دەکەن‌. .