گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

واتس ئاپ شەقامى لوبنان دژى حکومەت دەجوڵێنێت

2019.10.18 - 12:03
 واتس ئاپ  شەقامى لوبنان دژى حکومەت دەجوڵێنێت
ناس کورد- بە هۆی خراپی باری ئابوریی و سەپاندنی باجێکی زۆرەوە لەسەر ژمارەیەک کاڵاو شمەک و خزمەتگوزاریی پەیوەندیکردن وەک "واتس ئاپ"، گرژی و ئاڵۆزی وڵاتی لوبنانی گرتەوە. . شەوی پێنجشەممە، 17ى تشرینی یەکەمی 2019، خۆپیشاندان وپێکدادان لە نێوان هاوڵاتیان و هێزەکانی پۆلیس چەندین شاری وڵاتی لوبنانی گرتەوە. بەپێی ئاژانسی لوبنانی نیشتیمانی بۆ ڕاگەیاندن، خۆپیشاندەران ڕێگەی سەرەکی فرۆکەخانی شاری بەیروتیان داخستووە و هێرشیانکردووەتە سەر نوسینگە و ماڵی ئەندامانی هەردوو حیزبی ئەمەل و حزبوڵای لوبنانی، لە ئاکامیشدا دوو کەس لە خۆپیشاندەران برینداربوون. . ئاماژەى بەوەشکردووە، هۆکاری خۆپیشاندانەکان، دەگەڕێتەوە بۆ بڕیارێکی حکومەت بۆ سەپاندنی باج لەسەر خزمەتگوزارییەکان و تایبەتمەندییەکانی چەند بەرنامەیەکى وەک "واتس ئاپ" کە لە بنەرەتدا خزمەتگوزارییەکانى بە خۆڕاییە. بە گوێرەی سەرچاوەکان، خۆپیشاندانەکان دوای ئەوە دەستیپێکردووە کە، جەمال جەراح، وەزیری ڕاگەیاندنی  لوبنان، ڕایگەیاندووە، حکومەت بۆ لەمەودوا 20 سەنت وەک باج دەخاتە  سەر تایبەتمەندییەکانی پەیوەندیکردن لە مۆبایلەکاندا بە تایبەتی "واتس ئاپ". . بەپێی وتەى وەزیری ڕاگەیاندنی  لوبنان، بڕیارەکە لە سەرەتای مانگی کانوونی دووەمی 2020 دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، لە کاتێکدا تێچووی پەیوەندی کردن لە وڵاتی لوبنان بە بەرزترین  تێچوو دادەنرێت لە جیهاندا. https://twitter.com/ZeinMhaidly/status/1184929477182263297 حکومەتی لوبنان دەیەوێت لەڕێگەی جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە وە ساڵانە زیاتر لە 200 ملیۆن دۆلار بۆ خەزێنەی دەوڵەت دابینبکات، هاوکات چەند ڕێکخراوێکی بواری ئەلیکترونی ئاماژەیان بەوەکردووە، هەنگاوەکەی حکومەتی لوبنانی "نایاساییە"، چونکە لە بنەڕەتدا ئەو خزمەتگوزاریانە بە خۆڕایین، داواشیان کرد حکومەت بە زووترین کات پاشگەز بێتەوە. . لەئەنجامی توندبوونی خۆپیشاندانەکان و ناڕەزایەتییەکان، محەمەد شقیر، وەزیری گەیاندن و پەیوەندیکردن لوبنان، ڕایگەیاند، بە فەرمانی سەعد حەریری، سەرۆک وەزیران حکومەت بڕیارەکەی هەڵوەشاندەوە. بەگوێرەی زانیارییەکان، بۆ دەربازبوون لە قەیرانی ئابووری حکومەتی لوبنان لەئێستادا دیراسەی سەپاندنی باج دەکات بۆ سەر هەندێ کاڵاو شمەکی دیکە وەک توتن و سوتەمەنییەکان. . وڵاتی لوبنان دەیان ساڵە بەدەست قەیرانی ئابووریەوە دەناڵێنێت، لە ئێستادا نرخی یەک لیرەی لوبنانی زۆر دابەزیوە، بەجۆرێک یەک دۆلاری ئەمریکی بەرانبەر 1600 لیرەی لوبنانی مامەڵەی پێوە دەکرێت، قەرزی گشتی ئەو وڵاتەش زیاتر لە 86 مليار دۆلارى تێپەڕاندووە.