گه‌ڕان

Shadow Shadow
وه‌رزش

مێسی ئامۆژگارییەکی کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ ڕەتدەکاتەوە

2019.10.17 - 19:42
مێسی ئامۆژگارییەکی کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ ڕەتدەکاتەوە
ناس کورد-   لیۆنێل مێسی ئەرجەنتینی و ئەستێرەی یانەی بەرشەلۆنە لە نوێترین چاوپێکەوتنیدا وەڵامی هەندێک پرسیار دەداتەوە و هاوکات ڕەتیدەکاتەوە ئامۆژگارییەکی کریستیانۆ ڕۆناڵدۆی پرتوگالی قبوڵ بکات. . لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنامەی مارکای ئیسپانی، دەربارەی ئەوەی کە ڕۆناڵدۆ زۆرجار ئامۆژگاری دەکات بەرشەلۆنە جێبهێڵێت و یاریکردن لە خولەکانی دیکە تاقیبکاتەوە، مێسی ڕایگەیاندووە: "هەمووان بەدوای ئامانج و ویستەکانی خۆیانەوەن، من هەرگیز بیرم لە جێهێشتنی ئەو یانەیە نەکردووەتەوە کە باشترین یانەی جیهانە و جێگەیەک من چێژ لە یاریکردن و ڕاهێنان کردن دەبینم تێیدا". . هاوکات لە وەڵامی ئەوەی کە ڕۆناڵدۆ و ئیبراهیمۆڤیچ زۆرجار باسی تواناکانی خۆیان دەکەن، ئەستێرە ئەرجەنتینییەکە ئاماژەی بەوەکردووە: "من حەز ناکەم خۆم باسی خۆم بکەم، هەوڵدەدەم کارێک بکەم هاندەران باسم بکەن، نەوەک خۆم". . هاوکات دەربارەی ڤێرغل ڤاندایک، بەرگریکاری یانەی لیڤەرپوڵ لیۆ وتویەتی: " ئەو بەرگریکارێکی زۆر بەتوانایە، دەزانێت چۆن مامەڵە لەگەڵ کاتدا بکات و لە چ کاتێکدا کاردانەوەی بۆسەر هێرشبەری بەرامبەر هەبێت و لە ڕووی توانای جەستەییشەوە زۆر بەهێز و خێرایە". . هەروەها مێسی ڕەتیکردووەتەوە بەراوردکاری لە نێوان بەرشەلۆنەی ئێستا و سەردەمی بەرشەلۆنەدا بکات و ئاماژەی بەوەکردووە، ئێستا جیاوازە لەوکاتا و کە لەوکاتەوە زۆر گۆڕانکاری لە بەرشەلۆنە ڕوویداوە و تەنها چەند یاریزانێکی کەمی ئەو سەردەمە لە ئێستادا لە یانەکە ماون. . دەربارەی وازهێنانی لە یاریکردن کە ئێستا تەمەنی 32 ساڵە مێسی وتویەتی: "من نازانم تا چەندێکی دیکە دەتوانم لە یاریگاکاندا بمێنمەوە، بەڵام لەگەڵ تێپەڕبوونی کاتدا ئەوە ئاشکرا دەکەم و بڕیار لەوبارەیەوە دەدەم". .