گه‌ڕان

Shadow Shadow
چیرۆكه‌كانمان

کوژراوەکان کێن و تەقینەوەکە تیرۆریستى بووە یان نا؟

ناس کورد زانیارى نەبیستراو لەسەر تەقینەوەکەى سلێمانى بڵاودەکاتەوە

2019.10.16 - 17:43
ناس کورد - ئەحمەد مستەفا بەدواداچونێکى مەیدانى ناس کورد زانیارى ورد لەبارەى تەقینەوەکەى شەوى ڕابردووى، 15ی تشرینی یەکەمی 2019، سەر چیاى گۆیژە لە سلێمانى ئاشکرادەکات، کە بەهۆیەوە دوو کەس گیانیان لەدەستدا و دووانى دیکەش برینداربوون. . تەقینەوەکە لە شوێنێکدا ڕوویداوە کە لە ئێواراندا تا درەنگانى شەو خەڵکێکى زۆر بۆ بەسەربردنى کاتەکانیان ڕووى تێدەکەن و ژمارەیەکى زۆرى دەستگێڕیش لەو شوێنەدا خواردنى جۆراوجۆر دەفرۆشن. . ئەحمەد مستەفا، پەیامنێرى ناس کورد بەشێوەى مەیدانى چووە شوێنى تەقینەوەکە و ڕایگەیاند، شوێنەکە کە پێشتر پڕ بووە لە خەڵک، ئەمڕۆ کەسانێکى کەمى لێ بووە و فرۆشیارەکانیش چونەتەوە سەر کارەکانیان. . ئاماژەى بەوەشکرد، هیچ ئەندامێکى هێزە ئەمنییەکان لە شوێنەکە نەبووە، کە هێشتا ئاسەوارى تەقینەوەکەى لێ بەجێماوە و چاڵێکى بچوکى دروستکردووە. . بەهۆى تەقینەوەکەوە دوو کەس گیانیان لەدەستدا و دوو کەسى دیکەش برینداربوون، کە لە نەخۆشخانەى شار چارەسەریان بۆ دەکرێت. . سەرچاوەیەک لە ئاسایشى سلێمانى بە ناس کوردى ڕاگەیاند، ئەوانەى لە تەقینەوەکەدا بەرکەوتوون چوار کەس بوون، دوانیان گیانیان لەدەستداوە و دوانەکەى تریشیان برینداربوون لەژێر ڕێوشوێنى ئەمنى و تەندروستیدا چارەسەریان بۆ دەکرێت. . وتیشى "ئەو کەسانە چەک و تى ئێن تییان پێ بووە و دەستکارییان کردووە، لەو کاتەشدا پێیاندا تەقیوەتەوە". . هێشتا ناسنامەى کوژراو و بریندارەکان ئاشکرانەکراوە، بەڵام بەوتەى سەرچاوەکەى ئاسایش، یەکێک لە کوژراوەکان خەڵکى قەڵادزێیە بەناوى (ى، ح) و لەدایکبووى ساڵى 1978ـە، ئەوەى تریان خەڵکى سنورى سلێمانییە و هێشتا ناسنامەکەى نازانرێت، بەڵام دەزانن کە کەمئەندام بووە و پێشتر بەشێکى قاچى لەدەستداوە. . بەپێی ئەو وێنانەى کە شەوى ڕابردوو دواى ڕووداوەکە ناس کورد تۆماریکردووە، دەردەکەوێت بەهۆى بەهێزى تەقینەوەکە بەشێک لە جەستەى کوژراوەکان پارچە پارچە بوونە و لەسەر زەوییەکە کەوتوون. . لەبارەى ئەوەى ڕووداوەکە تیرۆریستى بووە یاخود نا، سەرچاوەکەى ئاسایش وتى "ڕووداوێکى تیرۆریستى نەبووە"، بەبێ ئەوەى قسەى زیاتر لەو بارەیەوە بکات. . شەوى ڕابردوو دواى ڕوودانى تەقینەوەکە، هێزێکى زۆرى ئاسایش گەیشتنە شوێنەکە و لێکۆڵینەوەیان لەو بارەیەوە دەستپێکردووە، بەڵام تا ئێستا بەفەرمى هیچ زانیارییەکیان ئاشکرانەکردووە. . شایەتحاڵێک لە شوێنى تەقینەوەکە بە ناس کوردى وت "ئەو کەسانە هاتوون لە دوکانەکان شتیان کڕیوە و شتیان خواردووە، کە کەسى عەرەبیشیان لەگەڵدا بووە، هەر چواریان خەریکى شتێک بوون و دواتر پێیاندا تەقیوەتەوە". . وتیشى "نەمانزانى ئەو شتە چى بووە کە ئەو کەسانە دەستکارییان کردووە، ئەوەندەمان بینى لەپڕ شتەکە تەقییەوە".