گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

تا ئێستا 200 ئاوارەى ڕۆژئاوا هاتونەتە هەرێم

لەبارەى ئاوارەکانەوە هەرێم پلانى هاوبەش لەگەڵ بەغدا دادەنێت

2019.10.15 - 17:10
لەبارەى ئاوارەکانەوە هەرێم  پلانى هاوبەش  لەگەڵ بەغدا دادەنێت
ناس کورد- حکومەتى هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند، تا ئێستا 200 ئاوارە لە ڕۆژئاواى کوردستانەوە هاتونەتە هەرێمى کوردستان، پلانێکى هاوبەشیشى ئامادەکردووە تا لەگەڵ بەغدا پێکەوە ئامادەکاریی بکەن لەو بارەیەوە. . جوتیار عادل وتەبێژى حکومەتى هەرێم بە ڕۆژنامەنوسانى ڕاگەیاند "تا ئێستا 200 کەس لە سوریاوە ئاوارەى هەرێم بوون، لەڕێگەى کونسوڵخانەکانەوە داوامان لە وڵاتان کردووە هاوکارمان بن لەو بارەیەوە". . وتیشى "کونسوڵخانەکان داواکان ئاڕاستەى وڵاتەکانیان دەکەن و دوتر وەڵاممان دەدەنەوە". . جوتیار عادل باسى لەوەشکرد، هەوڵیانداوە بۆ ئەوەى عێراقیش هاوکاربێت لەو بارەیەوە، ، پلانێکى هاوبەشیان ئامادەکردووە بۆ هاوکاریکردنى ئاوارەکان و چاوەڕوانن بەغدا وەڵامیان بداتەوە. . جەختیشیکردەوە، تواناى هەرێم سنوردارە و بەپێی پێشبینى ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، لەنێوان 50 بۆ 250 هەزار کەس لە سوریاوە ئاوارەدەبن، ئەوەش ژمارەیەکى گەورەیە. . بەپێی ئامارەکانى خۆبەڕێوەبەرى باکور و ڕۆژهەڵاتى سوریا، بەهۆى هێرشەکانى تورکیاوە تا ئێستا 275 هەزار کەس ئاوارەبوون کە 70 هەزار کەسیان منداڵن. . ڕۆژێک پێش دەستپێکردنى هێرشەکەى تورکیا، حکومەتى هەرێم لەبەیاننامەیەکدا هۆشداریدا لەوەى هەر گرژبوون و پێشهاتێکی سەربازی، کاریگەری بۆ دەرەوەی سنووری سوریاش دەبێت و لەوانەیە دۆخێک دروست بکات ببێتە هۆی گەڕانەوەی داعش و ئاوارەبوونی ژمارەیەکی زۆری خەڵک. . هەروەها مەسرور بارزانى سەرۆکى حکومەتى هەرێم ڕۆژى نۆى ئەم مانگە لەکۆبوونەوەى ئەنجومەنى وەزیراندا ڕایگەیاندبوو، ئاڵۆزتربوونی دۆخی باکوری رۆژهەڵاتی سوریا کاریگەری و دەرئەنجامە نەرێنییەکانی تەنیا لە چوارچێوەی سنووری سوریادا نامێنێتەوە و دەبێتە هۆی ئاوارەبوونی بە هەزاران خەڵک و بەشێکی زۆریشیان پەنا بۆ هەرێمی کوردستان دەهێنن. . لە ئێستادا 244 هەزار ئاوارەى خەڵکى ڕۆژئاواى کوردستان لە نۆ کەمپى هەرێمدا نیشتەجێن، کە لەدواى سەرهەڵدانى شەڕى ناوخۆى سوریاوە ڕوویان لە هەرێمى کوردستان کردووە و هێشتا نەگەڕاونەتەوە ناوچەکانیان. . ڕۆژى 12ى ئەم مانگە، دیندار زێبارى ڕێکخەرى ڕاسپارده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانى حكومه‌تى هه‌رێم به‌ناس كوردى ڕاگه‌یاندبوو “له‌ساڵانى ڕابردوودا و به‌هۆى شه‌پۆلى ئاواره‌كانى سوریا و عێراقه‌وه‌ كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى هاوكاریى هه‌رێمیان ده‌كرد، به‌ڵام ئێستا ئه‌و هاوكارییه‌ نییه‌”. . ئاماژه‌ى بەوەشکردبوو، له‌ئێستادا هیچ ئاماده‌كارییه‌كى نێوده‌وڵه‌تى نییه‌ بۆ ئه‌و حاڵه‌تانه‌ و ئه‌گه‌ر هه‌شبێت به‌پێى پێویست نییه‌.