گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ناس کورد هۆکارەکەی ئاشکرا دەکات

بەپێچەوانەی پێشبینییەکانەوە نرخی لیرەی تورکی بەرزبوەوە

2019.10.15 - 11:15
بەپێچەوانەی پێشبینییەکانەوە نرخی لیرەی تورکی بەرزبوەوە
ناس کورد- شەهرام عەزیز بەپێچەوانەى چاوەڕوانییەکان بۆ دابەزینى نرخى لیرەى تورکى بەهۆى سەپاندنى سزاکانى ئەمریکاوە بۆ سەر ئەو وڵاتە، ئەمڕۆ (سێشەممە) نرخى لیرە بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو بەرزبوەوە. . فەرید محەمەد، لە کۆمپانیای (گوڵی گەش) لەبازاڕی دۆلارەکەی شاری سلێمانی بە ناس کورد-ی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ (سێشەممە، 15ی تشرینی یەکەمی 2019) نرخی لیرەی تورکی بەرزبوەوە و 100 لیرە بەرامبەر 20 هەزار و 600 دینارە، لەکاتێکدا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا 100 لیرە بەرامبەر 20 هەزار و 400 دینار بوو. . فەرید محەمەد ئاماژەی بەوەکرد، چاوەڕوان دەکرا بەهۆی سزاکانی ئەمریکا لیرە دابەزێت، بەڵام لەئێستادا تورکیا پلانێک بەکاردەهێنێت بۆ ڕاگرتنی بەهای دراوەکەی، ئەویش ئەوەیە کە دۆلارێکی زۆر دەخاتە بازاڕەکانەوە و لیرە دەکشێنێتەوە. . ئەو شارەزایەی بۆرسەی دراو جەختیکردەوە، ئەگەر سزاکانی ئەمریکا بەتەواوی بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و سزاکان قورس بن، تورکیا ناتوانێت بەو شێوەیە بەردەوام بێت و بەدڵنیاییەوە گورزی کوشندە بەر ئابوری ئەو وڵاتە دەکەوێت. . سەبارەت بە دراوەکانی دیکە، ئەمڕۆ نرخی 100 دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر بە 120 هەزار و 350 دیناری عێراقییە و 100 هەزار تمەن بەرامبەر 10 هەزار و 500 دینارە. . هەروەها 100 یۆرۆ بە 132 هەزار و 250 دینارە، 100 پاوەنیش بە 151 هەزار و 500 دینارە. . هەرچی دراوە جیهانییەکانە، 100 یۆرۆ بەرامبەر بە 110 دۆلار مامەڵەی پێوە دەکرێت و 100 پاوەنیش بەرامبەر بە 126 دۆلارە. .