گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

شەڕڤانان بەرگرى سەخت لەسەرێکانى دەکەن.. تانکێکى تورکیا و فڕۆکەیەکى چاودێرى تێکشکێنران

2019.10.13 - 12:55
شەڕڤانان بەرگرى سەخت لەسەرێکانى دەکەن.. تانکێکى تورکیا و فڕۆکەیەکى چاودێرى تێکشکێنران
ناس کورد- شەڕى سەخت لەنێوان شەڕڤانانى هێزەکانى سوریاى دیموکرات و سوپاى تورکیا و گروپە چەکدارە هاوپەیمانەکانى لە سەرێکانى بەردەوامە و شەڕڤانان بەرگریى سەخت دەکەن. . بەپێی میدیاکانى ڕۆژئاواى کوردستان، حەوت چەکدارى گروپە چەکدارەکان لەلایەن شەڕڤانانەوە کوژراون، کاتێک هێرشیان کردووەتە سەر  ناوچەی پیشەسازی لە رۆژهەڵاتی سەرێکانی. . ئاماژە بەوەشکراوە، شەڕڤانان هەروەها تانکێکى تورکیا و فرۆکەیەکی چاودێری سوپای تورکیایان تێکشکاندووە. . رۆژى شەممە تورکیا کۆنتڕۆڵکردنى سەرێکانى ڕاگەیاند، بەڵام هێزەکانى سوریاى دیموکرات ئەوەیان ڕەتکردەوە. . بەپێی ڕوانگەى سورى، هێزەکانى هەسەدە لەهێرشێکى پێچەوانەدا کۆنتڕۆڵى شارەکەیان کردووەتەوە. . ماوەى دوو رۆژە شەڕى سەخت لە سەرێکانى بەردەوامە و هەوڵەکانى سوپاى تورکیا بۆ دەستبەسەرداگرتنى “شکستى هێناوە”، بۆیە ئەو وڵاتە لەبەرەبەیانى ئەمڕۆوە دەستیکردووەتەوە بە بۆردومانکردنى چڕى شارەکە. . بەپێی میدیاكانى ڕۆژئاواى کوردستان،  بۆردومانى ئاسمانى و زه‌مینى بۆ سه‌ر سه‌رێكانى له‌لایه‌ن سوپاى توركیاوه‌ به‌چڕى به‌رده‌وامه‌، له‌سێ قۆڵه‌وه‌ به‌توركیا دەیەوێت بچێتە شاره‌كه‌وه‌، به‌ڵام به‌هۆى به‌رگرى شه‌ڕڤانانه‌وه‌ و نه‌یاتوانیوه‌ بچنه‌ ناو شاره‌كه‌وه‌، تائێستاش شه‌ڕو پێكدادانى سه‌خت له‌ده‌وروبه‌رى سەرێکانى به‌رده‌وامه‌. . هاوکات ئاژانسى فرانس پرێس له‌ڕاپۆرتێكیدا ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌، سوپاى توركیا و گروپە چەکدارەکان توانیویانه‌ بچنه‌ ده‌وروبه‌رى شاره‌كه‌وه،‌ به‌ڵام به‌هۆى به‌رگرى قه‌ناس به‌ده‌سته‌كانى شه‌ڕڤانانه‌وه‌ نه‌یانتوانیوه‌ بچنه‌ ناو شارەکەوە. . ماوەى پێنج ڕۆژە سوپاى تورکیا و گروپە چەکدارە هاوپەیمانەکانى هێرشیان بۆ سەر ڕۆژئاواى کوردستان دەستپێکردووە، کە بەهۆیەوە 200 هەزار کەس ئاوارەبوون. .. جگە لە سەرێکانى، سوپاى تورکیا و گروپە چەکدارەکانى هێرشەکانیان بۆ سەر گرێ سپى چڕکردووەتەوە و بۆردومانى شارەکە دەکەن.