گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

ڕووبەڕووى ڕەخنە بووەتەوە

لەسەر هێرشەکانی تورکیا عەلی قەرەداغی لەهەوڵدایە بەیاننامەیەک دەربکات

2019.10.13 - 10:26
لەسەر هێرشەکانی تورکیا عەلی قەرەداغی  لەهەوڵدایە بەیاننامەیەک دەربکات
ناس کورد- شەهرام عەزیز   لەسەر بێدەنگبوونی بەرامبەر هێرشەکانی تورکیا ڕەخنە لەعەلی قەرەداغی، ئەمینداری یەکێتی جیهانى زانایانی موسڵمان دەگیرێت، کەسێکى نزیکیشى دەڵێت لەهەوڵدایە بەیاننامەیەک دەربکات لەو بارەیەوە. . هێرشەکانى تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاواى کوردستان ناڕەزایی زۆرى لەناو خەڵک و سیاسەتمەدار و کەسایەتییەکاندا دروستکردووە و چەندین خۆپیشاندان لەو بارەیەوە لە هەرێم بەڕێوەچوون، لەو نێوەندەشدا ئەو کەسایەتیانەى تا ئێستا هەڵوسێتیان ڕانەگەیاندووە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕووبەڕووى رەخنە بوونەتەوە. . دواى بڵاوبوونەوەى ڕەخنەکان، عەلی قەرەداغی لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ئاماژەی بەوەکرد، کە هیچ لێدوانێکی لەبارەی دۆخی سوریاوە نەداوە و هیچ هەڵوێستێکی خۆی بڵاونەکردووەتەوە. . ناس کورد هەوڵیدا پەیوەندی بە عەلی قەرەداغییەوە بکات، بەڵام بەردەست نەبوو، بەهۆی ئەوەی لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان بوو. . لاى خۆیەوە، حسێن قەرەداغی کە کەسێکی نزیکی عەلی قەرەداغییە، بە ناس کوردی ڕاگەیاند "دکتۆر عەلی قەرەداغی خزمەتێکی گەورەی بە گەلی کورد کردووە و لە ڕابردوودا چەندین کاری لە بەرژەوەندی نەتەوەکەی کردووە، ڕێگر بووە لە بەرامبەر دەرکردنی چەندین بڕیار لە دژی کورد". . ئاماژەی بەوەشکرد، لە ئێستادا عەلی قەرەداغی و ئەندامانی دیکەی یەکێتی جیهانى زانایانی موسڵمان، گفتوگۆ دەکەن و لە هەوڵدان بۆ ئەوەی بەیاننامەیەک لەبارەی دۆخی ڕۆژئاواوە دەربکەن. . حسێن قەرەداغی جەختیشیکردەوە "کێشەی ئێمە ئەوەیە کاتێك توشی کارەساتێک دەبین، بیر لەوە ناکەینەوە چۆن بەرپەرچی بدەینەوە، بەڵکو زیاتر هەوڵدەدەین کەسانی خۆمان و نەتەوەکەمان بشکێنین و هێرشی بکەینەسەر، ئەو هێرشانەی بەناوی ئیسلامەوە دەکرێنەسەر ڕۆژئاوا، با لە مزگەوتەکانەوە وەڵامی بدەنەوە و بڵێن ئێمە موسڵمانین، نەوەک ڕەخنە لە دکتۆر عەلی قەرەداغی بگیرێت کە کوردە و خزمەتی کوردی کردووە". . ساڵى 2016 عەلی قەرەداغی، ئیدانەى هەوڵى کودەتا شکستخواردووەکەى تورکیاى کرد و ئاماژەى بەوەکردبوو، ئەو کودەتایە نەک تەنھا تورکیا بەڵکو جيهانى ئیسلامی کردووەتە ئامانج.