گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پاپای ڤاتیکان دەربارەی دۆخی ڕۆژئاوا چی بە خانمە کوردەکە و شاندەکەی هەرێم وت؟

2019.10.12 - 23:06
پاپای ڤاتیکان دەربارەی دۆخی ڕۆژئاوا چی بە خانمە کوردەکە و شاندەکەی هەرێم وت؟
ناس کورد- شەهرام عەزیز ئەو خانمەی کە کەوایەکی بۆ پاپای ڤاتیکان دروستکرد، لەگەڵ شاندێکی حکومەتدا چووە ڤاتیکان و بە دەستی خۆی کەواکەی کردە سەر شانی پاپا و داواشی لێکرد لەو دۆخەی کوردانی ڕۆژئاوای تێکەوتووە، پشتگیری کورد بکات. . شاناز جەمال، ئەو خانمە دەستڕەنگینەى کە کەواکەى بۆ پاپا دروستکردووە، بە ناس کوردی ڕاگەیاند: " لەگەڵ شاندێکى حکومەتى هەرێم سەردانی ڤاتیکانم کرد و چوومە لای پاپا و بە دەستی خۆم ئەو کەوایەم کردە سەر شانی کە بۆم دروستکردبوو". . وتیشی، هەرچەندە ڕێکار و گفتوگۆ دیبلۆماتییەکان شاندەکەی حکومەت ئەنجامیاندەدا، بەڵام لەو دیدارەدا پاپا بە هەموو شێوەیەک پاڵپشتی خۆی بۆ گەلی کورد دەربڕی، بەتایبەت لەو دۆخەی ئێستا کوردانی ڕۆژئاوای تێکەوتووە  و نیگەرانی خۆی نیشاندا بەو دۆخە. . شاناز جەمال ئاماژەی بەوەشكرد :"خۆشم بەتایبەتی داوام لێکرد کە هەوڵ بدات بۆ ڕاگرتنی ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر ڕۆژئاوای کوردستان، ئەویش توند دەستی گوشیم و سەری بۆ جووڵاندم وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی کە پەیامەکەم بگەیەنێت". . شاناز جەمال، روونیدەکاتەوە کە پاپای ڤاتیکان سوپاسی گەلی کورد و ئەوى وەک ژنێکی کورد کردووە و وتویەتى "سەلماندوتانە نەتەوەیەکی ئاشتیخوازن و پێکەوە ژیانتان دەوێ". . شاناز جەمال جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە ئەو وەکو نوێنەرى سەرجەم ئاینەکان، ئەو کارەى کردووە و کەواکەى سیمبولى ئەو هەشت ئاینەی لەسەرە کە لە کوردستان پێکەوە دەژین. . شاناز جەمال، خەڵکی شاری سلێمانییە، وەک دیزاینەری جلوبەرگی ڕەسەنی کوردی کار دەکات و نزیکەی 8 مانگ خەریکی دروستکردنی ئەو کەوایە بووە. .