گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

دژى هێرشەکانى توركیا، خۆپیشاندان له‌هه‌ولێر و دهۆك به‌ڕێوه‌چوو

2019.10.12 - 12:33
دژى هێرشەکانى توركیا، خۆپیشاندان له‌هه‌ولێر و دهۆك به‌ڕێوه‌چوو
ناس کورد-   هاوشێوه‌ى شار و شارۆچكه‌كانى ترى هه‌رێمى كوردستان، خۆپیشاندانى جه‌ماوه‌رى له‌شاره‌كانى هه‌ولێر و دهۆك بۆ ئیدانه‌كردنى له‌شكركێشیه‌كانى سوپاى توركیا و گروپە چه‌كداره‌كان بۆ سه‌ر ڕۆژئاواى كوردستان به‌ڕێوه‌چوو. . خۆپیشانده‌رانى شارى هه‌ولێر چوونه‌ به‌رده‌م باره‌گاى نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌هه‌ولێرى پایته‌ختى هه‌رێمى كوردستان و داوایانكرد ئه‌و ڕێكخراوه‌ به‌ئه‌ركى یاسایى خۆ هه‌ستێت و ڕێگرى له‌و كاره‌ى توركیا بكات. . خۆپیشانده‌رانى هەولێر سه‌ره‌ڕاى وتنه‌وه‌ى دروشمى سه‌ركه‌وتن بۆ ڕۆژئاوا و چه‌ندین دروشمى تر، داوایان كرد کۆمەڵگەى نێوده‌وڵه‌تى ده‌ستوه‌ردان بكات بۆ ئه‌وه‌ى هێرشه‌کە ڕابگیرێت، چونكه‌ كوردانى ڕۆژئاوا هاوپه‌یمانى ئه‌مریكا بوون له‌شه‌ڕ دژى داعشدا و هه‌زاره‌ها شه‌هیدیان به‌خشیوه‌‌ له‌و پێناوه‌دا. . خۆپیشانده‌رانى شاره‌كانى هه‌ولێر و دهۆك جه‌ختیان كردووه‌ته‌وه‌، ڕێگریكردن له‌له‌شكركێشه‌كانى توركیا ئه‌گه‌رى ئاواره‌بوونى كورد له‌ڕۆژئاوا كه‌م ده‌كاته‌وه‌. . ئەمڕۆ هێرشى بەرفراوانى تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاواى کوردستان پێینایە چوارەم ڕۆژییەوە، کە بەپێی خەمڵاندنى نەتەوەیەکگرتووەکان بەهۆیەوە نزیکەى 100 هەزار کەس ئاوارەبوون. . بەردەوامى هێرشەکانى تورکیا لەکاتێکدایە، هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ ڕاگرتنى هێرشەکان زیاتربوون، هەریەکە لە ئەمریکا و فەڕەنسا داوایان لەو وڵاتە کردووە هێرشەکانى ڕابگرێت، بەڵام ئەردۆغان جەختیکردەوە کە هێرشەکانیان ڕاناگرن.