گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

بەرپرسێکی پەکەکە وەڵام دەداتەوە

پەکەکە هێز ڕەوانەی ڕۆژئاواى کوردستان دەکات؟

2019.10.12 - 13:23
پەکەکە هێز ڕەوانەی ڕۆژئاواى کوردستان دەکات؟
ناس کورد- شەهرام عەزیز   پارتى کرێکارانى کوردستان (پەکەکە) جەخت لە پشتگیرییکردنى ڕۆژئاواى کوردستان دەکاتەوە و دەڵێت، ئەگەر پێویست بکات بڕیار لەسەر ناردنى هێز دەدەن بۆ پشتیوانیکردنى شەڕڤانان و بەرەنگاربوونەوەى هێرشەکانى تورکیا. . بەرپرسێکی کۆمیتەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کۆما جڤاکێن کوردستان "کەجەکە" کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت بە ناس کوردی ڕاگەیاند "ئێمە پێمانوانییە کە هێرشی تورکیا تەنها بۆ سەر ڕۆژئاوا بێت، بەڵکو ئەو هێرشانە بۆسەر هەموو کوردێکە لە هەر چوار پارچەی کوردستان و دژی دۆزی کوردە". . وتیشی "بەهەموو شێوەیەک پشتیوانی لە کوردانی ڕۆژئاوا دەکەین و ئامادەین بۆ هەموو هاوکارییەک کە ئەوان پێویستییان بێت". . سەبارەت بە ناردنی هێز بۆ ڕۆژئاوا، ئەو بەرپرسەی کەجەکە ئاماژەی بەوەکرد، ئەوە پرسێکی تایبەتە و هەرکات پێویست بکات تاوتوێی دەکەن و بڕیاری لەسەر دەدەن. . دواى دەستپێکردنى هێرشەکانى تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاواى کوردستان، کۆمیتەی بەڕێوەبەرایەتی پەکەکە جەختیکردەوە، هەموو ماڵ و کۆڵانێک دەکەنە بەرەی شەڕ، داواشی لە هێزەکانی هەپەگە و یەژەستار کرد لە هەموو شوێنێکی باکوری کوردستان چالاکیەکانیان دەستپێبکەن. . دوێنێش موراد قەرەیلان، فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندی هێزەکانی پارستنی گەل ڕایگەیاندبوو "پشتیوانی بەرخۆدانی ڕۆژئاوا دەکەین، پێویستە گەلەکەمان بە ڕۆحی کۆبانێ و ئەزموونی عەفرین لەگەڵ شەڕڤانان بە هێزی خۆیان بەرخۆدان بکەن". . ماوەى چوار ڕۆژە تورکیا هێرشى بەرفراوانى بۆ سەر ڕۆژئاواى کوردستان دەستپێکردووە، شەڕڤانانیش ڕوبەڕووى هێرشەکان بوونەتەوە. . بەپێی خەمڵاندنى نەتەوەیەکگرتووەکان بەهۆى هێرشەکانى تورکیاوە، نزیکەى 100 هەزار کەس ئاوارەبوون.