گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

تورکیا بۆردومانەکانى چڕکردووەتەوە

هەسەدە لەسێ قۆڵەوە بەرەنگارى هێرشەکانى تورکیا دەبێتەوە

2019.10.12 - 10:29
هەسەدە لەسێ قۆڵەوە بەرەنگارى هێرشەکانى تورکیا دەبێتەوە
ناس کورد- هێزەکانى سوریاى دیموکرات لەسێ قۆڵەوە بەرەنگارى هێرشەکانى تورکیا بوونەتەوە بۆ سەر شارى سەرێکانى، تورکیاش لەڕێگەى بۆردومانى چڕەوە دەیەوێت پێشڕەوى بکات. . بەپێی ئاژانسى هاوار نیوز، ئەمڕۆ شەممە 12ى تشرینى یەکەمى 2019، تورکیا لە سێ قۆڵەوە هێرشى کردووەتە سەر سەرێکانى و شەڕڤانانیش بەرەنگارى هێرشەکان بوونەتەوە. . ئاماژە بەوەشکراوە، لەئێستادا لە گەڕەکى حوارنەى باکورى شارەکە و ناوچەى پیشەسازى لە ڕۆژهەڵاتى شارەکە شەڕ و پێکدادان بەردەوامە. . لەگەڵ بەردەوامى هێرشەکاندا، تورکیا بۆردومانە ئاسمانییەکانى بۆ سەر ناوچەکانى ڕۆژئاواى کوردستان چڕترکردووەتەوە، ئەمڕۆش بۆردومانى شارى قامیشلۆى کرد، کە بەهۆیەوە چەند کەسێک برینداربوون. . فڕۆکەکانى تورکیا هەروەها بۆردومانى گوندى عەریشەیان کرد کە 35 کیلۆمەتر لە سەرێکانى یەوە دوورە و دەکەوێتە سەر رێگاى تلتەمەر-سەرێکانى. . ئەمڕۆ هێرشى بەرفراوانى تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاواى کوردستان پێینایە چوارەم ڕۆژییەوە، کە بەپێی خەمڵاندنى نەتەوەیەکگرتووەکان بەهۆیەوە نزیکەى 100 هەزار کەس ئاوارەبوون. . بەردەوامى هێرشەکانى تورکیا لەکاتێکدایە، هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ ڕاگرتنى هێرشەکان زیاتربوون، هەریەکە لە ئەمریکا و فەڕەنسا داوایان لەو وڵاتە کردووە هێرشەکانى ڕابگرێت، بەڵام ئەردۆغان جەختیکردەوە کە هێرشەکانیان ڕاناگرن.