گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پنتاگۆن: هێزەکانمان لە کۆبانێ نەکشاونەتەوە

2019.10.12 - 08:54
پنتاگۆن: هێزەکانمان لە کۆبانێ نەکشاونەتەوە
ناس کورد- وەزارەتى بەرگرى ئەمریکا (پنتاگۆن) ڕایگەیاند، دواى بۆردومانکردنى هێزەکانیان لەلایەن تورکیاوە لە سنورى کۆبانێ، هێزەکانیان نەکشاندووەتەوە. . درەنگانى شەوى ڕابردوو هێزەکانى ئەمریکا لە سنورى کۆبانێ لەلایەن تورکیاوە بۆردومانکران، بەبێ ئەوەى هیچ زیانێکى گیانى لێبکەوێتەوە. . کاپتن بحرى بروک وتەبێژ بەناوى پنتاگۆن لەبەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، بۆردومانەکە لەدەرەوەى میکانیزمى هاوبەشى ناوچەى ئارام ڕوویداوە، لەناوچەیەک کە تورکیا دەزانێت هێزەکانى ئەمریکاى تێدا جێگیرە. . وتیشى "پێداچوونەوە دەکەین بە ژمارەى هێزەکانى ئەمریکا لەدواى ڕووداوەکە، بەڵام هێزەکانمان لەکۆبانێ نەکشاندووەتەوە". . هاوکات ئاژانسى ڕۆیتەرز لەزارى بەرپرسێکى ئەمریکییەوە گواستییەوە، کە ژمارەیەکى کەمى هێزەکانى ئەمریکا بەشێوەیەکى کاتى گواستراونەتەوە شوێنێکى دوور لە ڕووداوەکە، بەڵام هێشتا لەناوچەکەن و پێشبینى دەکرێت بگەڕێنەوە. . لاى خۆیەوە، وەزارەتى بەرگرى تورکیا ڕایگەیاند، هەموو ڕێوشوێنەکانیان گرتووەتەبەر بۆ گرەنتى پاراستنى بنکەکانى ئەمریکا، بەڵام وەڵامى تەقەکردنیان داوەتەوە کە لە نزیک بنکەکەى ئەمریکاوە لە کۆبانێ لێیان کراوە. . وتەبێژەکەى پنتاگۆن جەختیکردەوە، ئەمریکا داواى لە تورکیا کردووە دووربکەوێتەوە لەوجۆر مامەڵەکردنە، کە دەبێتە هۆى ئەوەى بەخێرایی رێوشوێنى بەرگریکردن بگرنەبەر. . پێشتر سەرۆک ئەرکانى هاوبەشى ئەمریکا ڕایگەیاندبوو، تورکیایان لەشوێنى بنکەکانى ئەمریکا لە سوریا ئاگادارکردووەتەوە.