گه‌ڕان

Shadow Shadow
سیاسه‌تی

پێدەچێت لەم هەفتەیەدا دانیشتنەکە بکرێت

هەوڵ هەیە دانیشتنێکی نائاسایی پەرلەمان لەبارەى دۆخى ڕۆژئاواى کوردستانەوە ڕێکبخرێت

2019.10.12 - 09:15
هەوڵ هەیە دانیشتنێکی نائاسایی پەرلەمان لەبارەى دۆخى ڕۆژئاواى کوردستانەوە ڕێکبخرێت
ناس کورد- شەهرام عەزیز   فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان هەوڵدەدەن دانیشتنێکی نائاسایی پەرلەمان لەبارەی دۆخی ڕۆژئاوای کوردستانەوە ئەنجام بدرێت و سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیش ئاشکرایدەکات، پێدەچێت لەم هەفتەیەدا دانیشتنەکە بەڕێوەبچێت. . زیاد جەبار، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان بە ناس کوردی ڕاگەیاند "وەک فراکسیۆنی یەکێتی و لایەنەکانی دیکەش داوامان لە سەرۆکایەتی پەرلەمان کردووە دانیشتنێکی نائاسایی لەبارەی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ڕۆژئاوای کوردستان و دۆخی هاوڵاتییانی ئەو ناوچەیە بەڕێوەبچێت". . وتیشى "پێدەچێت لە دوو ڕۆژی داهاتوودا بڕیار لەسەر ڕۆژی دانیشتنەکە بدرێت و لەم هەفتەیەدا ئەنجامبدرێت". . هاوکات پەرلەمانتارێكی فراکسیۆنی پارتی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، زانیارییەکانی پشتڕاستکردەوە بۆ ناس کورد ئاماژەی بەوەکرد "وەک فراکسیۆنی پارتی داوامان کردووە کۆبوونەوەی نائاسایی پەرلەمان ئەنجامبدرێت و هەوڵ هەیە بۆ ئەو مەبەستە لەم هەفتەیەدا دانیشتنەکە ئەنجامبدرێت". . کۆتایی هەفتەى ڕابردوو، پەرلەمانی کوردستان لەبەیاننامەیەکدا دەربارەی لەشکرکێشییەکانی تورکیا بۆسەر ڕۆژئاوا ڕایگەیاندبوو، بەردەوام بە دواداچوون بۆ ئەو دۆخە دەکات و ئامادەکاریی بۆ دانیشتنێکی تایبەت لەسەر دۆخی رۆژئاوای کوردستان دەکات. . ماوەى چوار ڕۆژە سوپاى تورکیا هێرشێکى بەرفراوانى بۆ سەر ڕۆژئاواى کوردستان دەستپێکردووە و هێزەکانى هەسەدەش رووبەڕووى بوونەتەوە، تا ئێستاش شەڕ و پێکدادانى سەخت بەردەوامە.